کرماشان/ دەستبەسەر کران و ناڕوونیی چارەنووسی ٤ هاووڵاتیی کورد

14:35 - 7 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لەچارەنووسی چوار هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دوابەدوای شەپۆلی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی یارسانی بە سووکایەتیی مەئموورانی زیندانی هەمەدان بە هاوولاتییەکی یارسانی، رێژەیەکی بەرچاو لەو هاوولاتییە ناڕازییانە کە خەڵکی شارەکانی سەحنە، هەرسین و داڵاهۆ و کرماشان بوون دەستبەسەر و رەوانە زیندان کراون.

ناوی چوار کەس لەو دەستبەسەر کراوانە \"رەسووڵ کەرەمی، مەیسەم حەیدەری لەدایکبووی شاری سەحنە و دانیشتووی کرماشان، سەعید بەغدادی و رەسووڵ رەشوەند خەڵکی کرماشان\" راگەیەندراوە و لەکاتی دەستبەسەر کرانیانەوە هەتا ئیستا چارەنووسیان بەناڕوونی ماوەتەوە.

دەگوترێ کە رێژەی بەرچاو لە هاووڵاتییانی کورد لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کراون، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەمنیەتیی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، تەنیا ناوەی ئەو چوار دەستبەسەر کراوە ئاشکرا بووە.

دوابەدوای ئەوەی کە کیومەرس تەمەناک هاووڵاتیی کوردی یارسانی لەزیندانی ناوەندیی هەمەدان سووکایەتی پێکرا سێ هاووڵاتیی یارسانی بەناوەکانی \"حەسەن رەزەوی، نیکمەرد تاهیری و محەممەد قەنبەری \" ئاگریان لەجەستەی خۆیان بەردا و گیانیان لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەوە و لە رۆژانی حەفتەی رابردوو یەکێک لە پەیڕەوانی ئایینی یاری بەناوی \"سەفەر فەرجی\" تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی هەشتگردی کەرەج، پاش ئەوەی دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن ٤ کەس لە مەئمووران و هەروەها بەرپرسی زیندانی شاری تارانەوە بەزۆر سمێلی تاشرابوو کە ناوبراو پاش ئازاد بوون لەبەر دەم مەجلیسی ئێراندا ٣ جار هەوڵی خۆسووتاندنی دابوو.