١ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ بە تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سرەڕۆیانەی «سەلام (شاهین) ئازەری»، هاووڵاتیی کوردی ٤٣ ساڵانی خەڵکی نەغەدە و بەندکراوی سیاسیی پێشوو کە پێشینەی دەسبەسەرکردن و سزادانی هەیە، هێشتا لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە. ناوبراو لە هەر جۆرە پەیوەندی و دیدارێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ پاشنیوەڕۆی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هەڵکوتانە سەر شوێنی کاری «سەلام (شاهین) ئازەری»، بەبێ بەڵگەی یاسایی و بە شێوەیەکی توندوتیژانە دەسبەسەریان کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گوێزایەوە و تا ئێستا لە چارەنووسی زانیاری لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژ بەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراو تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی زانیاری لە بەردەستدا نییە.
پێشتر، لە ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، ئەم هاووڵاتییە کوردە بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شوێنی کارەکەی دەسبەسەر کرا. دوای ئەوە، هێزە ئەمنییەتییەکان هەڵیانکوتایە سەر ماڵی تایبەتیی ناوبراو و دەستیان کرد بە پشکنینی ماڵەکەی. پاشان دوای ٨٢ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گوێزرایەوە و بە دانانی بارمتەی دوو میلیار تەمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
لە کۆتاییدا، بەفرانباری ١٤٠٣، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «دووستی»، بە تۆمەتی «ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی ئێران» سزای ساڵێک بەندکران و بە تۆمەتی «ڕێکخستنی پڕوپاگەندە دژ بە نیزام» سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.





