۳ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ ئەمڕۆ سێشەممە، تەرمی «سەید ئیبراهیم ئیسماعیلزادە»، ناسراو بە ناوی هونەریی «سەید ئیبراهیم سەقزی»، هونەرمەند و گۆرانیبێژی خەڵکیی کوردستان، بە بەشداریی بەرچاوی خەڵک، هونەرمەندان، شاعیران، نووسەران، بازاڕییان، چالاکوانانی بواری فەرهەنگ و هونەر و ئۆگرانی هونەر و مۆسیقای کوردی بەڕێ کرا و لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز بە خاک سپێردرا.
ئەو لە نێو ئاپۆڕای بەرچاوی جەماوەردا بەڕێ کرا؛ خەڵکێک کە «سەید ئیبراهیم سەقزی»یان تەنیا وەک گۆرانیبێژێک نەدەبینی، بەڵکوو ئەویان بە یەکێک لە پێشەنگەکان و کەسایەتییە خاوەن پێگەکانی بیرەوەریی هونەری و فەرهەنگیی سەقز و کوردستان دەزانی؛ هونەرمەندێک کە هونەری بە زمانی پەیوەندیی نێوان مرۆڤەکان لەگەڵ خاک، مێژوو و ناسنامە دەزانی.
تەرمی ئەو بە بەشداریی سەدان کەس و بە دەنگی بەکۆمەڵی دەفژەنین تا شوێنی ئەسپەردەکردنی لە گۆڕستانی ئایچی بەڕێ کرا و ڕێز لە بەرهەمەکان، هونەر و پێگەی لە مۆسیقا و فەرهەنگی کوردیدا گیرا.
«سەید ئیبراهیم ئیسماعیلزادە»، ناسراو بە ناوی هونەریی «سەید ئیبراهیم سەقزی»، ڕۆژی دووشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، دوای ماوەیەک ململانێ لەگەڵ نەخۆشیدا، لە تەمەنی ۸۷ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. ئەو لە گۆرانیبێژە ناسراوەکانی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردی بوو و بە دەنگ و شێوازی تایبەتی خۆی لەنێو خەڵکی سەقز و ناوچەکەدا ناسرابوو و بەشێک لە بیرەوەریی هونەر و مۆسیقای سەردەمی خۆی و لاپەڕەیەک لە هونەر و مۆسیقای کوردستان دەهاتە ئەژمار.
ئەو پێشینەی ٦ دەیە چالاکیی لە بواری مۆسیقا و فەرهەنگی کوردیدا هەبوو و لە ساڵی ١٤٠٣دا، لە ڕێوڕەسمێکدا لە سەقز، ڕێز لە شەش دەیە چالاکییە هونەرییەکانی گیرابوو.





