٢ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ ڕۆژی ڕابردوو «ئەمین ناسری»، گۆرانیبێژی لاوی خەڵکی «ئاسمان ئاوا»ی ئیلام، دوای هەشت مانگ خستنە ژێر چاوەدێری لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، بە شێوازێکی توندوتیژانە و بە تەقەکردن لە قاچی دەسبەسەر کرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی جەستەیی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ «ئەمین ناسری» لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە بۆ ماوەی هەشت مانگ لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر چاوەدێری بۆ دەسبەسەرکردن و هێزە ئەمنییەکان چەندین جار بۆ دەسبەسەرکردنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بەڵام ئەو لە ماڵەوە نەبووە. لە کۆتاییدا، ١ی خەرمانانی ١٤٠٥، دەیان ماشینی هێزە ئەمنییەکان و کەسانی چەکدار هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەمین ناسرییان دا و تەنانەت بۆ دەسبەسەرکردنی تەقەیان لە لاقی کرد کە لە ئەنجامدا دوو فیشەک بەر لاقی کەوتووە.

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم دەسبەسەرکردنە توندوتیژانەیە کە هاوڕێ لەگەڵ تەقەکردن بووە، بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو خەڵکدا. هەروەها بە وتەی شایەتحاڵەکان، ئەمین ناسری دوای دەسبەسەرکردنی توندوتیژانە و لەحاڵێکدا کە بریندار بووە، بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم گۆرانیبێژە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و دۆخی ئەو، بەپێی بێبەشبوونی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها برینداربوونی، نادیارە. هەروەها ڕوون نییە کە ئایا دوای بەرکەوتنی فیشەک، خزمەتگوزاری و چارەسەری پزیشکیی پێدراوە یان نا.

پێشتر کوردپا لە ۲٤ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا هەواڵی دەسبەسەرکردنی براکەی، «یوونس ناسری»ی بڵاو کردبووەوە کە لە ۹ی ڕێبەندانی ١٤٠٤دا دەسبەسەر کرابوو و سەبارەت بە چارەنووسی زانیارییەک لەبەر دەستدا نەبوو.