ئاژانسی کورپا: ئەنجومەنێکی ژینگەپارێزی و خەڵکیی ئوستانی ئیلام بە شێوەی فەرمی تۆمار کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گروپی " ژینگەپارێزانی ئیلام" کە ماوەی زیاتر لە یەک ساڵە دەستیان بە چالاکای کردووە و چەند رۆژ پێش ئێستا ئەندامانی بەرێوەبەریی خۆی هەڵبژارد.

ئەم ئەنجومەنە لەرێوڕەسمێکدا لە مەکۆی فەرهەنگسەرای لاوانی ئیلام، بەشێوەی فەرمیی چالاکییەکانی خۆی لەژێر ناوی "هەوای تازە"دا دەست پێ کرد و ئەندامانی شۆرای بەرێوەبەری و چاوەدێریی خۆی هەڵبژارد.

ئێحسان موعتەمێدی‌نیا، بەرپرسی گرووپی ژینگەپارێزانی ئیلام

ئێحسان موعتەمێدی‌نیا، بەرپرسی ئەو ئەنجومەنە لەرێوڕەسمی یەک ساڵ چالاکی نواندنی ئەو گروپەدا رایگەیاند؛ ئەم ئەنجومەنە کە بە مەبەستی گەشاندنەوەی سروشت و رزگار کردنی سروشتی شاری ئیلام لە زبڵدانی دامەزراوە و ئەگەریش ئەم رەوتە بەردەم بوایە بەرەو لەناوچوون دەڕۆیشت.

ئەم گروپە راستەوخۆ ٣٠٠ کەسی بەرەو لای چالاکییەکانی خۆی راکێشاوە و نزیک بە ١٠٠ کەسی دیکەش لایەنگری دەکەن.

هەنووکە "بەرێوەبردنی خولی پەروەردەیی ژینگەپارێزی بۆ منداڵان، بەڕێوەبردنی کۆبوونەوە لە باخچەی ساوایان و کانوونی پەروەردەی فەرهەنگیی منداڵان و مێرمنداڵان" لە چالاکییە فەرهەنگییەکانی ئەو ئەنجومەنە ئەژمار دەکرێن.

بەرپرسی گرووپی ژینگەپارێزانی ئیلام، "دابین کردنی ئیمکاناتی ئامفی تیاتر و ناوندی تەبلێغاتیی تایبەت بەمەبەستی جێگیر کردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزی" وەک پێداویستییەکانی ئەو ئەنجومەنە لەقەڵەم داوە.

فەرزاد شەفیع‌زادە، حوسێن نێعمەت‌زادە، محەممەدسابیر مەحموودیان، شکۆفە حەیدەریان، مەهسا کەریمی و ئێحسان کەریمی ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی ئوستانی ئیلام پێک دێنن.

لەماوەی چەند ساڵی ربردوودا ٤ ئوستانی ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی رۆژئاوا بەرەوڕووی قەیرانی ژینگە بوونەتەوە و زۆربەی سروشت و ژینگەی ئەو ٤ ئوستانە لە ئەنجامی سووتمان و ئاگرکەوتنەوەدا لەناوچوون.