٤ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیانەکان لە شارەکانی کوردستان، «ئەفشین تەوەسولی»، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مەهاباد، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، بە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەکان بەرەبەیانیی چوارشەممە بە هەڵکوتانە سەر ماڵی ئەفشین تەوەسولی، بەبێ بەڵگەی  یاسایی دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

ئەفشین تەوەسولی تەمەنی نزیکەی ٥٠ ساڵە، خێزاندارە و منداڵی هەیە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.