١ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ بە دەسبەسەرکردنی «لوقمان سەیدە»، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، ژمارەی دەسبەسەرکراوانی ئەم شارە گەیشتە سێ کەس. پێشتر کوردپا هەواڵی دەسبەسەرکردنی «محەممەد دانشمایە» و «سۆران مەحموودی» بڵاو کردبوویەوە کە هەردوو هاووڵاتییەکە پێشینەی دەسبەسەرکردن و سزادانیان بە بەندکران هەبوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ نیوەشەوی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥، «لوقمان سەیدە»، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «پەسوێ»ی سەر بە پیرانشار، بە هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە. ناوبراو خێزاندارە.

لە هەمان ڕۆژدا، دوو لاوی کورد بە ناوەکانی «سۆران مەحموودی»، کوڕی خالید، و «محەممەد دانشمایە»، کە بە «محەممەد بیێوەفا»ش دەناسرێت، کوڕی قادر و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرانەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژ بەم سێ هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراوان تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.