بەرەبەیانیی دووشەممە ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی «سەعدوون داستار» خەڵکی گوندی «حەسەن نووران»ی سەر بە شنۆ و «ڕەحمان ئازەرەخش» خەڵکی گوندی «سۆفیان»ی سەر بە شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردوون.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ناوبراوان تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکیان بە بنەماڵەکانیانەوە نەگرتووە و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.





