۳ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ ڕۆژی ڕابردوو سێ لاوی خەڵکی «ئاسمان ئاوا»ی ئیلام بە ناوەکانی «یوونس بەکری»، «یاسر هەواسی» و «ڕوحوڵڵا غوڵامی» لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران. پێشتر لە ئاسمان ئاوا، «ئەمین ناسری»، لاوی گۆرانیبێژی کورد، بە برینداری و بە تەقەکردنی فیشەک دەسبەسەر کرابوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بۆ کوردپا وتی؛ ٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، سێ لاوی خەڵکی «ئاسمان ئاوا»ی سەر بە شاری چەرداوڵ لە پارێزگای ئیلام، بە ناوەکانی «یوونس بەکری»، «یاسر هەواسی» و «ڕوحوڵڵا غوڵامی»، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزران.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردانە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەم پەیوەندییەدا هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها ئەم هاووڵاتییانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندی و دیدار لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

لە هەمان پەیوەندیدا، "ئەمین ناسری" لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ـەوە بۆ ماوەی هەشت مانگ لەلایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە خرابووە ژێر چاوەدێری بۆ دەسبەسەرکردن و هێزە ئەمنییەکان چەندین جار بۆ دەسبەسەرکردنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بەڵام ئەو لە ماڵەوە نەبووە. لە کۆتاییدا، ١ی خەرمانانی ١٤٠٥، دەیان ماشینی هێزە ئەمنییەکان و کەسانی چەکدار هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەمین ناسرییان دا و تەنانەت بۆ دەسبەسەرکردنی تەقەیان لە لاقی کرد کە لە ئەنجامدا دوو فیشەک بەر لاقی کەوتووە.