پاوە/ رێگریی ئیدارەی ئیتلاعات لە دروست کردنی بینای رێکخراوە ناحکوومییەکان

20:04 - 6 رەزبەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری پاوە رێگری لە دروست کردنی بینای ئەنجومەن و رێکخراوە ناحکوومییەکانی ئەو شارە کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ لە کاتێکدا بڕیار بوو کە سێ رێکخراوی ناحکوومیی (کۆمەڵەی پێشگیری لە تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، ئەنجومەنی ئێلتیام تایبەت بە نەخۆشییە شێرپەنجەییەکان و دامەزراوەی خێرخوازیی سەلاحەدین ئەیوبی) لە شاری پاوە لە یەکشوێندا بینایەک سەرەکەی بۆ هەر سێ رێکخراوەکەیان دروست بکەن، رۆژی پێنج‌شەممەی رابردوو لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە رێگرییان لێکرا.

بە وتەی یەکێک لە هاوڵاتییان، ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتێکدا رێگری لە دروست کردنی ئەو بینایە کردووە کە رۆژی ٢ی گەلاوێژی ئەمساڵ \"مەلا قادر قادری\" پێشنوێژی شاری پاوە لە کاتی دانانی بەردی بناغەی ئەو بینایەدا بە بەڕێوەبەرانبی ئەو سێ رێکخراوەیەی راگەیاندبوو، \"نابێ کارێک بکەن کە چالاکییەکانتان ببتە خۆراکی میدیاکانی ضد انقلاب، دەنا بەدڵنیاییەوە پێش بە کارەکانتان دەگرین\".

ئەو هەڵوێستەی ئیدارەی ئیتلاعات لە کاتێکدایە خەڵکی شاری پاوە زیاتر لە ٤٠ میلیۆنیان بۆ دروست کردنی ئەو بینایە کۆ کردبوویەوە و هەروەها ماوەی زیاتر لە یەک مانگە بە دروست کردنی ئەو بینایەوە سەرقاڵن.

دوابەدوای راگیران ئەو پرۆژە بیناسازییە، ئەو سێ رێکخراوەیە بەمەبەستی بەدواداچوون سەردانی فەرمانداریی شاری پاوەیان کردووە، لەلایەن فەرماندارییەوە ئاگادار کراونەتەوە کە راگیرانی ئەم پرۆژەیە هۆکاری ئەمنیەتی هەیە، بۆیە ئیدارەی ئیتلاعات پێشی پێ گرتووە.

ئەو سێ رێکخراوەیە بەهۆی چالاکییەکانیانەوە و یارمەتی گەیاندن بە هاووڵاتییان، پێگەیەکی تایبەتییان لە نێو خەڵکدا هەیە و ئەم هەڵوێستەی ئیدارەی ئیتلاعات ناڕەزایەتیی چالاکانی ئەو شارەی لێکەوتۆتەوە.
\"15691.jpg\"