حەفتەی یەکەمی مانگی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی

ئاژانسی کوردپا: بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، ئاژانسی کوردپا بەشێوی حەفتانە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها گرینگی دان بە سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام ئەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو میدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی بەرموور، ١ حاڵەت پێشلکردنی مافی ژنان لە کوردستان و ٩ حاڵەت پێشلکردنی مافی چالاکانی ژن کە بریتین لە راگواستنی دوو زیندانیی سیایس بۆ زیندانی ئێڤین و ئێعدامی ٧ ژن لە زیندانەکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێران لە خۆ دەگرێت.

کوردستـــــــــــان

چوونە سەرەوەی رێژەی ٢٠٠%یی خۆکۆژیی ژنانی کورد لە ماوەی ٦ مانگی رابردوودا

خۆکوژی وەکوو کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا رۆژ لە دوای رۆژ لە پەرەسەندن دایە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا رێژەی ئەو ژنانەی کە دەستیان داوەتە خۆکوژی و گیانیان لە دەست داوە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە.

بە تۆمارکردنی ٤٥ حالەتی خۆکوژیی سەرکەوتوو لە ماوەی ٦ مانگی رابردوودا، چوونە سەروەی ٢٠٠% رێژەی خۆکوژی ژنانی کورد بە نیسبەت ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٩١ تۆمار کراوە.

دوایین حاڵەتی تۆمارکردنی خۆکوژیی ژنانی کورد، خۆکوژی ژنێکی کوردی دانیشتووی شاری مەشهەدە کە بە هۆی کێشەی بنەماڵەیی و نەسازان لەگەڵ هاوسەرەکەی دەستی داوەتە خۆکوژی و لەئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

ئەم ژنە تەمەن ٣٠ ساڵەیە کە خەڵکی یەکێک لەگوندە کوردنشینەکانی شاری بجنوورد لە ئوستانی خۆراسانی باکوور و دانیشتووی شاری مەشهەد بووە، بە کەڵک وەرگرتن لە حەبی برنج کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەم ژنە کە شووناسی نەزانراوە دایکی دوو منداڵی تەمەن ٣ و ٧ ساڵان بووە.

بەوتەی سەرچاوەکانی پزیشکی یاسایی وڵاتی ئێران، لەماوەی ساڵی رابردوودا ٥٠٠ کەس لە ئێراندا بە خواردنی حەبی برنج کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە کە زۆربەیان ژن و لە توێژی لاو بوون.

لەماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ٩١، لەناوچە کوردنشینەکانی ئێراندا ١٥ حاڵەتی خۆکوژیی ژنان تۆمار کرابوو.

ئەم ئامارە رێژەییە و بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو کراوەتەوە، دەکرێ ئاماری راستەقینە زیاتر بێت.

ئێــــــــــــران

ئێعدامی ٧ ژن لە ماوەی حەفتەی رابردوودا

لە ماوەی حەفتەی رابردوودا ٦ هاووڵاتیی ژن لە زیندانەکانی یەزد و ورمێ بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان و ژنێکیش بەتاوانی کوشتنی هاووڵاتییەک لەزیندانی رەجایی شاری کەرەج لەسێدارە دران.

بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بڵاو بوونەتەوە، سەرلە بەیانی رۆژی پێنج‌شەممە ٢٨ی خەرمانان ٨ زیندانی بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە سڕکەرەکان لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد ئێعدام کران.

٣ ژن لە نێو ئەو ٨ کەسەدا بوون کە پاش ئەوەی حوکمەکەیان لە دیوانی باڵای وڵاتی ئیران پشتڕاست کرایەوە، رێکەوتی ٢٨ی خەرمانان ئێعدام کران.

شووناسی ئەم سێ ژنە " ز . س "، " ک . س " و " س . ح " راگێندراوە.

لە لایەکی دیکەوە، کاتژمێر ١٢ی شەوی چوارشەممە ٣ی رەزبەر، ٨ زیندانیی دیکە لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە سێدارە دران.

تاوانی ئەم ٨ کەسە قاچاخی ماددە سڕکەرەکان راگەیەندراوە.

سێ ژن لەنێو ئەو ٨ کەسە ئێعدام کراوەدا بوون کە هەتا ئێستا شوناسیان نادیار ماوەتەوە.

هەروەها سەر لە بەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ژنێکی زیندانی کە هاوڕێ لەگەڵ ٥ کەسی دیکە و بە تاوانی "ئەنجام دانی قەتڵ" حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپابوو، حوکمەکەیان جێبەجێ کرا.

ئەم ژنە کە هەتا ئێستا ناسنامەی نەزانراوە، بۆ ماوەی ١٠ سال لە زینداندا راگیرابوو کە رۆژی چوارشەممەی رابردوو و بە تاوانی ئەنجام دانی قەتڵ لە سێدارە درا.

بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمارکراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ١٧ ژن لە ئێران لە سێدارە دراون.

گواستنەوەی شەهلا سارمی بۆ بەندی نسوانی زیندانی ئێڤین

شەهلا سارمی تەمەن ٢٨ ساڵ کە خوێندکاری رشتەی "پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی"علمی کاربردی"یە، رۆژی ١٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرابوو.

شەهلا سارمی دوای نزیک بە ٣ مانگ لە دەستبەسەر کران و ناڕوون بوونی شوینی راگیرانەکەی، رۆژی ١٠ی خەرمانان بۆ بەندی نسوانی زیندانی ئێڤین راگوێزرا.

شەهلا سارمی تەمەن ٢٨ ساڵ کە خوێندکاری رشتەی "پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی"علمی کاربردی"یە، رۆژی ١٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرابوو.

ناوبراو کچی "حەسەن سارمی" یەکێک لەچالاکانی بواری مافەکانی منداڵان و لە زیندانیانی سیاسیی دەیەی ٦٠ی هەتاوییە.

بنەماڵەی شەهلا سارمی لە کاتی دەستبەسەرکرانیەوە هەتا ئێستا نەیانتوانییەوە چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەنجام بدەن.

چارە نووسی رویا سەعیدی هێشتا ناڕوونە

چارەنووسی رویا سەعیدی چالاکی سیاسی کە نزیک بە ٣ مانگ بەر لە ئێستا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، هێشتا ناڕوونە.

رویا سەعیدی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ و لەماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر کرابوو، هێزە ئیتلاعاتییەکان وێڕای پشکنینی ماڵەکەی دەستیان بە سەر کەرەستە تایبەتییەکانی ناوبراویشدا گرتبوو.

ناوبراو دوای دەستبەسەر کران بۆ ماوەی ٧٠ رۆژ لە ژوورە تاکە کەسییەکانی بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین راگیراوەو یک مانگ پێش ئێستا بۆ بەندی نسوانی ئەو زیندانە گوازراوەتەوە.

ئەم چالاکە سیاسییە تەمەن ٥٥ ساڵەیە بە تاوانی لایەنگری لە حیزبێکی دژبەری حکومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراوە.

سەرچاوەکان:
ئاژانسی کوردپا ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی هێرانا ( ٨ حاڵەت)
ماڵپەڕی کۆمیتەی هەواڵنێرانی مافەکانی مرۆڤ ( ١ حاڵەت)
ماڵپەڕی ئاسۆی رۆژهەڵات ( ١ حاڵەت)