هاووڵاتییەکی کورد لەزیندانی رەشت لەسێدارە درا

20:49 - 4 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: حوکمی لەسێدارە دانی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی ناوچەی ورمێ، پاش ٥ ساڵ راگیران لە زیندانی ناوەندیی رەشت لە ئوستانی گیلان، جێبەجێ کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ٢ی سەرماوەز هاووڵاتییەک بەناوی \"مەسعوود حەسەن‌پوور\" خەڵکی گوندی \"گردە بلیج\"ی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ لە زیندانی ناوەندیی شاری رەشت لەسێدارە درا.

دەگوترێت کە مەسعوود حەسەن‌پوور خێزاندار بووە کە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری لەسێدارە دانی ناوبراو نەزانراوە.

هەروەها رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٣٠ی خەزەڵوەر زیندانییەکی دیکەی کوردی خەڵکی گوندی \"زێوە\"ی سەربە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، بەناوی \"عەزیزی عەتایی\" لە زیندانی ناوەندیی شاری یەزد لەسێدارە درا.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی خەزەڵوەرەوە هەتا ئێستا (٣٤ رۆژی رابردوودا)، ٧٩ هاووڵاتیی لەزیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە لەکۆی ئەو رێژەیە ١٧ کەسیان هاووڵاتییانی کورد بوون.

ئەو ئامارە رێژەییە و بەپشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو دەکرێتەوە، بە سەرنجدان بە رەوتی لەسێدارەدانی نهێنیی هاووڵاتییان لە زیندانەکانی ئیران و نەبوونی میدیایەکی ئازاد بۆ بڵاو کردنەوەی هەواڵەکان، دەکرێ ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاتر بێت.