ئاژانسی کوردپا: کتێبی ژینگەی خاوێن بەرهەمی نووسەرێکی لاوی خەڵکی مەریوان، بە زمانی کوردی و تایبەت بە منداڵان چاپ و بڵاو کرایەوە.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ زانیار درەخشانی کتێبێکی لەژێر ناوی "ژینگەی خاوێن"، کە بە زمانی سادەی شێعر باس لە پەیوەندیی نێوان سرووشت و ئینسان دەکات، چاپ و بڵاو کردەوە.
زانیار درەخشانی لە لێدوانێکدا بە یەکێک لە ماڵپەڕە ناوخۆییەکان باسی لە گرینگیی سروشت کردووە و راگەیاندووە، "ئەگەر بکرێ بە زمانی شێعری باسی ژینگە و سرووشت بۆ منداڵان بکەین، دەتوانین بەرەو خاوێن راگرتنی ژینگە هانیان بدەین".

ئەو نووسەرە لاوە رایگەیاندووە، ئەم کتێبە بە ئەژماری ٥ هەزار دانە و بە ١٦ لاپەڕەی چاپی رەنگییەوە، کە لاپەڕەکان بە نەققاشیی گرافیکی رازێندراونەتەوە، چاپ و بڵاو کراونەتەوە.
کاری گرافیکی و نەققاشیی ئەو کتێبە لە ئەستۆی هونەرمەند "شیوا شکووهی" بووە.
زانیار درخشانی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەریوان، هەتا ئێستا چەندین شانۆنامەی تایبەت بە منداڵانی نووسیوە و یەکێک لە شانۆنامەکانی ناوبراو بەناوی " خەونی بەزەیی" لە دەرهێنەریی ناوبراو لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵدا لە پارکی میللەتی ئەو شارە نمایش کرا.





