٣ هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شاری مێهران لە شەقام و شوێنە گشتییەکان پیشانی خەڵک دران

21:03 - 7 بانەمەڕ 2713
ئاژنسی کوردپا: دوابەدوای گەڕاندنی هاووڵاتییەکی شاری مەریوان بەجلوبەرگی ژنانەی کوردییەوە لەو شارە، ئەمڕۆ ٣ هاووڵاتیی دیکەی تاوانبار لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری مێهران\"ی سەربە ئوستانی ئیلام پیشانی خەڵک دران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ٧ی بانەمەڕ٣ هاووڵاتیی خەڵکی مێهران بەبڕیاری دادگای ئەو شارە و لە شەقام وشوێنە گشتییەکان پیشانی خەڵک دران.

هاوکات فەرماندەری هێزە ئینتزامییەکانی \"مێهران\" رایگەیاندبوو کە بەڕێوە بردنی ئەو حوکمە لەگەڵ پێشوازیی هاووڵاتییانی ئەو شارە بەرەوڕوو بووەتەوە.

گەڕاندنی ئەو ٣ کەسە هاوکات لە کەناڵی ناوخۆیی \"ئیلام \"مەوە بڵاو کراوەتەو و پیشانی خەڵک دراوە و ئەمەش ناڕەزایەتی بەرینی هاووڵاتیانی شاری مێهرانی لێکەوتۆتەوە.

گەڕاندنی هاووڵاتییان و تاوانباران لە کاتێک دایە کە دوابەدوای ئەو رووداوانەی شاری مەریوان، رێکەوتی ٤ی بانەمەڕ \"ئیسماعیل ئەحمەدی موقەدەم\" بەرپرسی گشتیی هێزە ئینتزامییەکانی ئێران، گەڕاندنی تاوانبارانی لە شەقام و شوێنە گشتییەکان قەدەغە راگەیاندبوو.

بەرپرسی گشتیی هێزە ئینتزامییەکان بەڕێوە بردنی ئەو جۆرە حوکمانەی سووکایەتی کردن بە ئینسان وەسف کردبوو.

هاوکات هەواڵدەریی \"ئیسنا\" بڵاوی کردەوە کە حوکمی گەڕاندنی تاوانباران لە شەقام و شوێنە گشتییەکان لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڕیوە دەچێت و هێزە ئیتزامییەکان لەو جۆرە حوکمانەدا هیچ رۆڵێکی نییە.

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٦ی خاکەلێوە هاووڵاتییەک بەناوی \"توفیق خۆشنەواز\" ناسراو بە \"داباشی\" لەلایەن هێزە ئینتزامییەكان و بە بڕیاری دادگای حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەشاری مەریوان جلوبەرگی ژنانەی لەبەر كرابوو و لە شەقامەکانی ئەو شارە پیشانی خەڵک درابوو.

دوابەدوای ئەوە رووداوە، لە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوەتی ٢٧ی خاکەلێوە رێژەیەکی بەرچاو لە ژنانی شاری مەریوان خۆپیشاندانێکی بەرینیان بەنیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کردنی دادگای مەریوان بە کەسایەتیی ژن، بەڕێوە برد.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بڕیارە حوکمێکی هاوشێوە بەنیسبەت ٢ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی مەریوان لەرۆژانی رابردوودا بەڕێوە ببات.

ئەو خۆپیشاندانە هێمنانەی ژنان و چالاکانی ژنی ئەو شارە، لەگەڵ توندوتیژی و سەرکوتی هێزە حکوومەتییەکان بەرەوڕوو بوویەوە.

ئەنجومەنە فەرهەنگییەکانی شاری مەریوان بە دەرکردنی راگەیەندراێکی هاوبەش ئەو کردەوەی دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان مەحکووم کرد و بە کردەوەیەکی نامرۆڤانەیان لەقەڵەم دا و خوازیاری سزادانی بڕیاردەران و بەڕێوەبەرانی ئەو حوکمە بوون.