ئاژانسی کوردپا: ٣ هاوولاتی خەڵکی هەڵەبجەی سەربە هەرێمی کوردستان، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی پاسگای "دڕۆڵە"ی سەربە شاری پاوە لە سنووری نێوان شاری پاوە بۆ هەرێمی کوردستان و لەسەر چۆمی سیروان دەستبەسەر کران.

بەپێی هەواڵی گەیشتو وبە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٤ی بانەمەڕ ٣ هاووڵاتی بەناوەکانی "هادی، فایەق و ئەحمەد" خەڵکی شاری هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هاوکات بەلەمێکی ئەو ٣ هاووڵاتییەش لەلایەن ئەو هێزانەوە دەستی بەسەردا گیراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ئەو ٣ هاووڵاتییە بەبڕیاری کەسێک بەناوی "ئەفسەری" خەڵکی کرماشان و فەرماندەری پاسگای "درۆڵە" دەستبەسەر و بۆ پاسگای "کۆڵەسەرە"ی باینگان گوازراونەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، "ئەفسەری، فەرماندەری پاسگای دڕۆلە ماوەی ١ ساڵە هاتووەتە ئەو ناوچەیە و فەرماندەری ئەو پاسگایەی پێ سپێردراوە و لەو ماوەیەدا هاووڵاتییان و دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکانی وەزاڵە هێناوە".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هۆکاری دەستبەسەر کردنی ئەو ٣ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری هەڵەبجە کە لەلایەن هێزە ئیتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون، نەزانراوە.