راپۆرتێکی شیکاری – ئاماریی لە بەراوردی رێژەی ئێعدام لە مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ و ١٣٩٢ لە ئێران

15:28 - 10 بانەمەڕ 2713
ئەم راپۆرتە شیکاری و ئامارییە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا ئامادە و بڵاو دەکرێتەوە، کە ئاماژە بە رێژەی ئێعدام لە مانگی خاکەلیوەی ساڵی ١٣٩١ و ١٣٩٢ی هەتاوی دەکات.

ئەوەی لەم ئامارەدا جێگەی سەرنجە، زیادبونی رێژەی ئێعدامیان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا و هەروەها ئەو کەسانەی کە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە، بەبەراورد لەگەڵ ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو رووی لە زیادبوون کردووە.

رێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نوێترین راپۆرتی خویدا رایگەیاندووە، کە وڵاتی ئێران بە نیسبەت بەڕێوەبردنی سزای حوکمی ئێعدام، لە جیهاندا پلەی دووەم و لە رۆژهەڵاتی ناڤینیشدا پلەی یەکەمی هەیە.

ئەم ئامارە بەپشت بەستن بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا تۆمار کراوە کەلە هەندێک حاڵەتەکاندا ناوی ئەو کەسانە نادیار و لە هەندێک حاڵەتیشدا تەنیا ناوی بچووک یان کورتکراوەی ناوەکان بڵاو کراوەتەوە و ئەم ئامارە تەنیا لە ڕووی ژمارەوە دەخرێتەڕوو.
خشتەی ژمارە (١)

\"12359.jpg\"


بەپێی خشتەی (١) لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا ١٧ کەس ئێعدام کراون و ٢ کەسی دیکەش لەلایەن دادگای حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە.

هەروەها لە مانگی خاکەڵێوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا لە کۆی ٣٠ کەس، ٢٦ کەس ئێعدام کراون و ٤ کەسی دیکەش بە ئێعدام مەحکووم کراون.

بەپێی ئەو خشتەیە، ژمارەی ئێعدام کراوان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بەبەراورد لەگەڵ مانگی خاکەلێوەی ساڵی رابردوو، ٩ کەس زیادی کردووە و هەروەها رێژەی حوکم دراوان بە ئێعدامیش بۆ ٢ کەس زیادبوونی بەخۆیەوە بینیوە.

نمووداری (١)
ژمارەی ئێعدام کراوان و هەروەها ئەو کەسانەی کەلە خاکەلێوەی ١٣٩١ و ١٣٩٢دا حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە، دیاری دەکات
مەحکووم بە ئێعدام

\"12360.jpg\"


خشتەی ژمارە (٢)
شوێنی بەڕێوەچوونی حوکمەکان دیاری دەکات

\"12361.jpg\"


بەپێی خشتەی ژمارە (٢) لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا سەرجەم ئەو ١٧ کەسە لەنێو زیندانەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لە سێدارە دراون.

بەڵام لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، لە کۆی ٢٦ حاڵەت ئێعدام کردنی هاووڵاتیان، ٦ حاڵەت لەبەر چاوی هاووڵاتییان و لە شوێنە گشتییەکان بەڕوەچوون.

سزای ئێعدام لە بەرچاوی هاووڵاتییان کە بە مەبەستی \" چاوترسێن\" کردنی خەڵک لەلایەن حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەڕێوە دەچێت، نەتەنیا لە رێژەی ئەو تاوانانەی کە لە یاساکانی حکومەتی ئیسلامیی ئێراندا حوکمی ئێعدامیان هەیە، کەم نەکردۆتەوە، بەڵکوو بەرئەنجامی ئەو سزایە هۆکاری بەرین بوونەوەی توند وتیژی و تاوان لە کۆمەڵگەدا بوون و ئەم جۆرە سزادانە بۆ هاوڵاتییان، ئاسایی بۆتەوە، بەشێوەیەک ئێعدامی هاووڵاتییان لەلایەن هاووڵاتییانەوە وەک \"بەسەر بردنی کات\"(تفریح) سەیر دەکرێت و خەڵک هیچ هەستێکی مرۆییان بەنیسبەت ئەم دیاردەیەوە نەماوە.

خشتەی ژمارە (٣)
تاوانی کەسانی ئێعدام کراو و هەروەها ئەو کەسانەی کە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە

\"12362.jpg\"


بەپێی خشتەی (٣) زۆرترین رێژەی ئێعدام کراوان بە ٢٧ حاڵەتەوە بازرگانی کردن بە ماددەی هۆشبەرەوە بووە کە سەرجەمیان لە نێو زیندانەکاندا بەڕێوە چوون.

موحاربە، دزی کردن بە چەکەوە، مرۆڤ کوشتن و رفاندنی مرۆڤ بە ١٢ حاڵەتەوە لە پلەی دووەمی تاوانی ئەو کەسانەی کە ئێعدام کراون، خۆی دەبینێتەوە کە ٦ حاڵەتیان لەبەر چاوی خەڵک لە شوێنە گشتییەکان بەڕێوە چوون.

دەستدرێژی سیکسی، تاوانی ٢ کەسی ئێعدام کراو بووە کە لە نێو زیندانەکاندا لە سێدارە دراون.

لە تاوانی ئەو کەسانەی کە حوکمی ئێعدامیان بۆ بڕاوەتەوە، ٣ حاڵەتیان پەیوەندی بە دزی کردن بە چەکەوە و ٢ حاڵەتیش لەپەیوەندی بە \"قەتڵ\"ـوە ئەنجام دراون.

هەروەها هاووڵاتییەکی \"عەرەب\" بە تاوانی ئەنجام دانی کاری سیاسی حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە.

شکڵی (٢)
تاوانی کەسانی ئێعدام کراو و مەحکووم بە ئێعدام دیاری دەکات

\"12363.jpg\"


خشتەی (٤)
ئەو زیندانانەی کە حوکمی ئێعدامیان تێدا بەڕێوە چووە

\"12364.jpg\"


بەپێی خشتەی (٤)، ٤٣ حوکمی ئێعدام لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩١ و ١٣٩٢ی هەتاویدا بەڕێوە چووە کەلە کۆی ئەو رێژەیە ١٧ کەس لە زیندانی \"عادڵ ئابادی شیراز\" ئێحدام کراون کە زۆرترین رێژەی حوکمی ئێعدامی تێدا بەڕێوە چووە.

زیندانی کرمان بە ٩ حاڵەتەوە لە پلەی دووەمدا جێگەی گرتووە و هەروەها زیندانەکانی دیکەی ئێران ١ هەتا ٥ ئێعدامی تێدا بەڕێوەچووە.