راپۆرتێک سەبارەت بە وەرگرتنی پارە لە قوتابییان

20:08 - 26 رێبەندان 2712
راپۆرتی تایبەتیی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا سەبارەت بە وەرگرتنی زۆرە ملیی پارە لە قوتابییانی قوتابخانە دەوڵەتییەکان

ئاژانسی کوردپا: هەموو ساڵێک لەبەرەبەری کرانەوەی قوتابخانەکان و لە کاتی ناونووسیی قوتابییاندا، وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بە ناردنی بەخشنامەیەک بۆ سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان، وەرگرتنی هەر چەنشنە پارەیەک لە قوتابییان قەدەغە رادەگەیەنێت و بەردەوام بەرپرسانی پەروەردەی وڵاتی ئێران دژایەتیی وەرگرتنی پارەیان لە قوتابییان دەکەن، بەڵام لە ماوەی ساڵی خوێندندا بەبێ لەبەر چاو گرتنی ئەو بەخشنامەیە و یاسا بنەڕەتییەکانی وڵاتی ئێران، بە بیانووی جۆراوجۆر پارە لە قوتابییان وەردەگیرێت.


ئەستاندنی پارە لە قوتابییان لە کاتێک دایە کە بەپێی مادەی ٣٠ یاسای بنەڕەتیی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەبێ سەرجەم پێداویستی و ئیمکاناتی قوتابخانەکان بەبێ بەرامبەر لە خزمەت قوتابییاندا بێت.

قوتابخانەکانی ئێران بەسەر ٢ بەشی لێک جیادا دابەش دەکرێن:

\"11095.jpg\"
یەکەم: قوتابخانە ناحکوومییەکان یاسای دیاریکراو و تایبەت بە خۆیان هەیە.
دووەم: قوتابخانە حکوومەتییەکان کە قوتابخانە خێرخوازی و نموونەکان لە خۆ دەگرێت و بەگشتی وەرگرتنی پارەیان تێدا قەدەغە راگەیەندراوە.

لەلایەکی دیکەوە قوتابخانەی \"شاهد\" تایبەتە بە بنەماڵەی \"کەم ئەندامان\" و \"ئیسارگەران\"ی سەر بە حکوومەت و قوتابییانی ئەو بنەماڵانەبەخۆرایی تێیدا لە ئیمکاناتی قوتابخانە کەڵک وەردەگرن.

ئەوەش لە کاتێک دایە کە بەپێچەوانەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە لەمەڕ قەدەغە کرانی وەرگرتنی پارە لە قوتابییان، لە ماوەی ساڵی خوێندندا بڕێکی بەرچاو پارە لە قوتابییان وەردەگیرێت.

هەموو ساڵێک بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردەی وڵاتی ئێران بەڵێنیی زیادبوونی بودجەی قوتابخانەکان و دابین کردنی سەرجەم پێداویستییەکانی قوتابییان، بە هاووڵاتییان ئەدەن.

\"11096.jpg\"
بودجەی قوتابخانەکان بەسەرنجدان بە رێژەی قوتابییانی هەر قوتابخانەیەک بەمەبەستی دابین کردنی ئاو، گاز، برق، کاغەز، گەچ، ماژیک و کۆمەڵێک چالاکیی دیکەی قوتابخانەکان دیاری دەکرێت، بەڵام ئەو بودجەیە راستەوخۆ ناچێتە سەر حیسابی قوتابخانەکان و بەشێوەگەلێکی دیکە سەرف دەکرێن.

لە ماوەی ٢ ساڵی رابردوودا جیا لەوەیکە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان بودجەی قوتابخانەکانی نەداوە و لە ئێستادا بەهۆی گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان، چوونەسەرێی نرخی دراوە بیانییەکان و هەڵاوسانی ئابووری لە ئێران بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، بەرپرسانی قوتابخانە بەپێی بڕیاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بە بیانووی جۆراوجۆری وەک: کەمیی بودجە، دابین کردنی خواردەمەنی، راکێشانی لوولەی گاز، کڕینی سووتەمەنی، مووچەی فەڕاش، پێداویستیی و نۆژەن کردنەوەی قوتابخانەکان، بڕە پارەیەکی بەرچاویان لە قوتابییان وەرگرتووە.

\"11099.jpg\"
هەر لەو پەیوەندییەدا و بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەرپرسانی قوتابخانەکانی مەریوان پاش ٤٠ رۆژ لە کرانەوەی قوتابخانەکان، لەلایەن ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانەوە هیچ بودجیەکیان بۆ دابین نەکرابوو و بەو هۆیەوە بەرپرسی قوتابخانەکان بە قوتابییانیان راگەیاندبوو کە پێویستە هەر قوتابییەک بڕی ٥٠ هەزار تمەن پارە بە قوتابخانەکان بدات.

لەلایەکی دیکەوە ماوەیەک پێش ئێستا بەرپرسانی قوتابخانەی \"قشڵاخی پرد\" لە ناوچەی سەرشیوی سەقز زەختیان لە قوتابییان کردبوو کە دەبێ بڕی ٧٠٠ هەزار تمەن پارە بابەتی کڕینی خواردەمەنی بەو قوتابخانەیە بدەن کە ئەم مەسەلەیە نیگەرانیی لای بنەماڵەی قوتابیان درووست کردبوو.

هاوکات ئیدارەی پەروەردەی شاری \"سایین قەلا\" بە ناردنی بەخشنامەیەک قوتابخانەکانی ئاگادار کردبووە کە دەبێ لە هەر قوتابییەک بڕی ١٠٠ هەزار تمەن پارە وەر بگرن.

هەروەها لە شاری شنۆ بەرپرسانی قوتابخانەی گوندی \" کانی سوورک\" بەپێی بڕیاری ئیدارەی پەروەردە بەمەبەستی راکێشانی لوولەی گاز داوای پارەیان لە قوتابییان کردبوو.

\"11101.jpg\"
بەرپرسانی قوتابخانەی \"خەیام\" لە ناوچەی \"دزەی مەرگەوەڕ\"ی سەربە شاری ورمێ بە مەبەستی کڕینی کەرەسە گەرمایی بۆ گەرم کردنی بۆلی قوتابخانەکان بڕە پارەیەکی بەرچاویان لە قوتابیان وەرگرتبوو.

لە درێژەی ئەو رەوتەدا لە نامەیەکدا بەرپرسانی قوتابخانەکانی دەوروبەری ورمێ ئاگادار کرابوونەوە، کە پێویستە لە هەر قوتابییەک بڕی ٣٠ هەتا ٥٠ هەزار تمەن بابەتی دابین کردنی سووتەمەنی بۆ وەرزی زستان، وەر بگرن.

هەر لەو پەیوەندییەدا بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردەی شاری مەریوان راگەیاندبوو کە دەبێ نیوەی تێچووی سووتەمەنی بۆ \"کوورەی نەوتی و شوفاژ\" لەلایەن بە بنەماڵەی قوتابیانیان دابین بکرێت و لە ئەگەری مل نەدان بەو داوایا، تووشبوونی قوتابییان بە نەخۆشی دەکەوێتە ئەستۆی خۆیان و ئیدارەی پەروەردە لەمەڕ روودانی هەر رووداوێک خۆی بە بەرپرسیار نازانێت.

تەنانەت لە هەندێک شوێن بە قوتابییان راگەیەندرابوو کە دەبێ بۆ خۆیان کاغەزی تاقیکارییەکان دابین بکەن و بۆ ئەم مەبەستە بە هەر قوتابییەک بەستەیەک کاغەزی \"A4\"یان کڕیبوو.

\"11100.jpg\"
وەرگرتنی پارە لە قوتابییان لە هەندێک شوێن لە سەرووی ٥٠٠ هەزار تمەنەوە بووە کە ئەم پرۆسەیە هەتا ئێستاش لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە ئارا دایە و سەرەڕای ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوتابییان و مێدیای بوونی ئەم دیاردەیە، هەتا ئێستا هیچکام لە بەرپرسانی حکوومەتی لە وەڵامی هاووڵاتییان خۆیان بواردووە.

ئەم هەڵسووکەوتەی بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان نیگەرانیی لای بنەماڵەی هەژار و کەم داهاتی قوتابییان دروست کردووە کە قوتابیانی زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان بەناچاری دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە یان بەهۆی نەدانی ئەو پارەیە، لە قوتابخانەکان دەرکراون.

بنەماڵەی قوتابیان و چالاكانی فەرهەنگیی مەریوان لەو باوەڕە دان ئەم كەمتەرخەمی و كەمكارییانەی حكوومەت لە بواری خوێندندا بەو مەبەستە ئەنجام ئەدرێت كە بنەماڵەكان بار بهێنن كە خۆیان خەرجی قوتابخانەكان بدەن و ئەم كارەش بەو بیانووەوە ئەنجام ئەدرێت كە دەیانهەوێ‌بەرەبەرە قوتابخانەكانیش بكەنە كەرتی تایبەت.

وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان هەتا ئێستاش وەرگرتنی پارە لە قوتابییان بە شێوەی زۆرە ملی قەدەغە راگەیاندووە.

ئەوە لە کاتێک دایە کە بەرپرسانی حکوومەتی بە چەندین جار ئاماژەیان بەوە کردووە، کە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان ئیزنی قەدەغە کردنی یارمەتیی خۆڕسکی بنەماڵەی قوتابییانیان نییە، بەڵام رایانگەیاندووە کە هیچ بەرپرسێکی قوتابخانە بۆی نییە بەشێوەی زۆرەملی پارە لە قوتابییان وەربگرێت.

\"11097.jpg\"
چەند ساڵ پاش شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی لە ئێران بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک: چوونەسەرێی رێژەی حەشیمەت، کەمیی بودجەی وەزارەتی پەروەردە و بارهێنان و کەموکۆڕییەکانی دەوڵت بۆ دابین کردنی بودجەی قوتابخانەکان، سەرلەنوێ باسی وەرگرتنی پارە لە قوتابییان هاتۆتەوە گۆڕێ و ئەوەش لە کاتێک دایە کە بەپێی مادەی ١٩ و ٢٠ی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێران دەوڵەت ئەرکدار کراوە کە بەخۆڕایی و بەبێ لەبەر چاو گرتنی رەگەز، ئایین و مەزهەب خزمەتگوزاری پێشکەشی قوتابیانی پۆلی سەرەتایی و ناوەندی بکات.

یارمەتیی بێ بەرامبەری ئێران بە وڵاتی سووریە، لوبنان و سەرجەم هاوپەیمانەکانی دیکەی لە کەتێک دایە کە قوتابیان و خوێندکارانی ئێرانی بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەسەرەتایی‌ترین ئیمکاناتی خوێندن بێبەری کراون و هاوکات لێپرسراوانی حکوومەتی بەڵێنیی دروست کردنی ٣ هەزار بینای قوتابخانەیان بە هاووڵاتییانی عێراق داوە.

ئەوەش لە کاتێک دایە کە زۆربەی قوتابخانەی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران پێویستییان بە نۆژەن کردنەوە هەیە و بەردەوام بینای ئەو قوتابخانانە هەڕەشە لە گیانی قوتابییان دەکات.

هەر لەو پەیوەندییەدا ماوەیەک پێش ئێستا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە قوتابخانەی سەرەتایی گوندی \"شیناوێ\"ی سەربە پیرانشار ٣٧ کچە قوتابیی ئەو قوتابخانەیە تووشی رووداوی ئاگرکەوتنەوە بوون کە بەو هۆیەوە هەتا ئێستا چەند کەسیان گیانیان لەدەست داوە.

کاریگەریی نگاتیڤی وەرگرتنی پارە لە قوتابییان:

\"11102.jpg\"
لە قوتابخانەکانی ئێران دۆخێکی تایبەتی هاتوەتە ئاراوە کە ئەگەر قوتابییەک پارە بە قوتابخانەکان نەدات ئابڕوویان لکەدار دەبێت و ئەگەر بۆ پاراستنی ئابڕووی خۆشیان بێت، ناچارن ئەو بڕە پارەیە بدەن.

لە هەندێک حاڵەتدا قوتابییان بە گوشار خستنەسەر بنەماڵەی خۆیان، زیاتر لە بڕە پارەی داواکراوی قوتابخانەکان، پارە لە بنەماڵەی خۆیان وەردەگرن.

وەرگرتنی پارەی زۆرە ملی زۆرجار قوتابییان تووشی کێشە دەکات و بەردەوام بەرەوڕووی هەڕەشەی دەرکران و بێبەری کردن لە تاقیکردنەوەکان دەبنەوە و ئەگەر بەشداری لە تاقیکردنەوەکانیشدا بکەن هەتا کۆتایی ساڵی خوێندن کارنامەکانیان پێ نادرێتەوە.

هەڵسووکەوتی نابەرپرسانەی وەزارەتی پەروەردە قوتابییانی بەرەوڕووی کۆمەڵیک گرفتی دەروونی کردۆتەوە و زۆرجار لە تاقیکارییەکاندا دەکەونە دواوە و ئەمەش راستەوخۆ دژایەتیی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێران دەکات.

لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەرپرسانی حکوومەتی بەردەوان وەرگرتنی پارەیان لە قوتابییان بە ناڕاست لەقەڵەم داوە و ئەوەش لە کاتێک دایە کە ماوەیەک پێش ئێستا چەندین قوتابی لە گوندی \"عەلیاباد\" و \"داشبەند\"ی بۆکان بەهۆی نەدانی پارە بە قوتابخانە لە خوێندن بێبەری کرابوون.