بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥، «ئاتووسا جەعفەری»، ژنە لاوی خەڵکی سنە، لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لە بەردەم دەرگای ماڵی بنەماڵەکەی و بە لێدانی چەقۆ، بەهۆی «داواکاریی جیابوونەوە» کوژرا. ئاتووسا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر توندوتیژی و هەڕەشەی هاوسەرەکەیدا بووە و بەم هەمووەشەوە، دادگا گرینگیی بە داواکاریی جیابوونەوەی نیشان داوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای ڕاگەیاند؛ ئاتووسا بەیانیی ئەمڕۆ، بەرلەوەی سواری ماشینەکەی بێت بۆ ئەوەی بچێتە سەر کارەکەی، بە لێدانی هەشت چەقۆ کوژرا.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە دەڵێت، ئاتووسا سێ ساڵ بوو لە دادگا داوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی دەکرد، چونکە بەتوندی لەژێر توندوتیژیدا بوو و لەو دەترسا. بەڵام دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ و سەرەڕای ئەوەی ئاتووسا بەتوندی لەژێر توندوتیژی و ئازار و ئەشکەنجەی هاوسەرەکەیدا بوو، دادگا ڕەزامەندیی لەسەر جیابوونەوەکەی دەرنەبڕی.

ئەم سەرچاوەیە دەڵێت؛ هاوسەرەکەی لێی دەدا، بەردەوام گومانی لێدەکرد و نەیدەویست بچێتە دەرەوە. تەنانەت لە ئەنجامی لێداندا، جارێک دەستی ئاتووسا شکابوو و هاوسەرەکەی چەندین جار هەڕەشەی ئاتووسای کردبوو.

تەنانەت ئاتووسا لە دادگادا بە دادوەری وتبوو کە هاوسەرەکەی شوێنی دەکەوێت و هەڕەشەی لێ دەکات؛ بەڵام دادوەر لە وڵامدا پێی وتبوو: «هاوسەری خۆت شوێنت بکەوێت و بەدواوەتدا بێت باشترە یان پیاوێکی بێگانە!»

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، ئاتووسا لە ڕەوتی بەدواداچوونی دۆسییەکە لە دادگا، لەم سێ ساڵەدا لەلای بنەماڵەکەی و لەگەڵ دایکی بە تەنیا دەژیان. باوکی دوو ساڵ پێش و لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد و هەمووان دەڵێن لە تاو ئازار و خەمی ئاتووسا کۆچی دوایی کرد. باوکی فەرمانبەری ئیدارەی پۆست بوو و دوای کۆچی دوایی باوکی، ئاتووسا لە شوێنی باوکی کاری دەکرد. 

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، ئاتووسا تاقانەی بنەماڵەکەی بوو. ناوبراو خاوەنی بڕوانامەی ماستەری یاسا و چەندین مەدالی لە وەرزشی کۆنگفۆدا بوو و ژنێکی لاو و پڕ لە وزەی ژیان بوو.

بەوتەی ئەم سەرچاوەیە، لە ئێستادا هاوسەری ئاتووسا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەسبەسەر کراوە.