نیوەشەوی یەکشەممە ١ی خەرمانانی ١٤٠٥، لاوێکی کورد بە ناوی «سۆران مەحموودی»، کوڕی خالید و خەڵکی پیرانشار کە پێشینەی دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و سزادانی بە بەندکران هەیە، لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزرایەوە.
سۆران مەحموودی کە پێشینەی دەسبەسەرکردن و سزادانی لە ساڵی ١٤٠٢دا هەیە، لە کاتی دەسبەسەرکرانییەوە تا ئێستا هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە و لە چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە.
سۆران مەحموودی سەرەتای ڕەزبەری ١٤٠٢، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و کۆتاییەکانی هەمان مانگ، دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە، لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتی لە پیرانشارەوە بۆ بەندیخانەی نەغەدە ڕاگوێزرا. پاشان لە ڕێکەوتی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٢، بە دانانی بارمتەی سێ میلیارد تەمەنی بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
سۆران مەحموودی لە کۆتاییدا لە بانەمەڕی ١٤٠٣دا، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «دووستی» بە تۆمەتی «ئەندامێتی و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حكوومەتی ئێران» سزای سێ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.





