١ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ لە شەشەمین پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی داھێنان و نوێگەریی تایبەت بە هەڵگرانی ناونیشانی IFIA INV کە لە ٣ تا ٥ی ژووئیەی ٢٠٢٦ بە شێوازی ئۆنلاین و لەژێر چاودێریی مەڵبەندی سەرەکیی فێدراسیۆنی نێودەوڵەتیی ئەنجومەنەکانی داھێنەران (IFIA) لە ژنێڤی سویس بەڕێوە چوو، «نگین حوسێنی»، داھێنەری لاوی خەڵکی سەقز، بە پێشکەشکردنی پڕۆژەیەکی زانستی و کرداری سەرکەوتوو، میداڵی زێڕی بەدەست ھێنا.

ئەم نوێگەرییە بە ناونیشانی زانستیی «دیواری دوولایەنەی ڕێکخستنی پلەی گەرمی بەکارهێنانی ماددەکانی گۆڕینی فاز و پۆششی نانۆڕەنگدانەوە» (Bifacial Temperature-Regulating Wall Using Phase Change Materials and Nano-Reflective Coating) لە بواری گەشەپێدانی تەکنەلۆژییە بەردەوامەکان و باشترکردنی بەکارهێنانی وزە تۆمار کراوە.

ئەم تەکنەلۆژییە نوێیە بە کەڵکوەرگرتنی هاوكات لە پۆششی نانۆڕەنگدانەوە و ماددەکانی گۆڕینی فاز (PCM)، وزەی گەرمی بە شێوەیەکی ژیرانە بەڕێوە دەبات و بێ پێویستی بە کارەبا، هەستەوەر (سەنسۆر) یان سیستەمی کۆنتڕۆڵکردن، پلەی گەرمیی ناوەوەی باڵەخانەکە هاوسەنگ دەکات. ئەنجامی تاقیکردنەوە و هاوشێوەسازییەکان نیشان دەدەن کە ئەم پڕۆژەیە دەتوانێت گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمیی ناوەوە تا ٦٠٪ ڕێک بكات و بەکارهێنانی وزەی ئامێرەکانی ساردکەرەوە و گەرمکەرەوە ٢٥ تا ٣٠٪ کەم بکاتەوە.

ئەم تەکنەلۆژییە، جگە لە بەکارهێنانی لە دروستکردنی باڵەخانە نوێیەکانی شار، ئیدارەکان و پیشەسازییەکان، توانای جێبەجێکردنی بە شێوەی پەنێلی پێشتر دروستکراوی بۆ دامەزراندن لەسەر باڵەخانە کۆنەکانیش هەیە. 

بەدەستھێنانی ئەم میداڵە زێڕە نێودەوڵەتییە لەلایەن ژنێکیە توێژەر و نوێگەری کوردەوە، نموونەیەکی دیاری توانستی زانستیی ژنان و ڕۆڵی کاریگەریان لە گەشەپێدانی نوێگەرییە ژینگەیییەکان و تەکنەلۆژییە بەردەوامەکان دێتە ئەژمار.