ئاژانسی کوردپا: سمینارێک لەمەڕ تاوتوێی زمانی کوردی و رەگاژۆی ئەو زمانە بۆ نێو زمانەکانی دێکەی ئێرانی، بە بەشداری کۆمەڵێک کەسایەتی ئەدەبی و مامۆستای زانکۆ لە تاران کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

لە دەستپێکی ئەو سمینارەدا  "میر جەلالەدین کەزازی" مامۆستای زانکۆ رایگەیاند: نەتەوەی کورد یەکێک لە رەسەنترین و کۆنترین نەتەوەکانی وڵاتی ئێرانە و بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێن کە ئێرانیی راستەقینە کوردەکانن.

ئەو مامۆستایەی زانکۆ لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە فەرهەنگ و ئەدەبیات لە وڵاتی ئێراندا کرد و نەتەوەی کوردی وەک یەکێک لە پارێزەرانی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی لە مێژینەی وڵاتی ئێران وەسف کرد.

بەپێی راپۆرتی هەواڵدەریی "مێهر" کەزازی باسی لە رەسەنایەتی زمانی کوردی کردووە و رایگەیاندووە: کە زمانی کوردی رەگاژۆی بۆ نێو سەرجەم زمانەکانی ئێران کردووە و کاریگەریی قووڵی لەسەر داناون و هەتا ئێستاش کۆمەڵێک وشەی کوردی لە نێو ئەو زمانانەدا کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو سمینارەدا "تەلعەت تاهیر محەممەد" بەرپرسی بەشی ئەدەبیات و زمانی فارسیی زانکۆی "سەلاحەدین"ی هەولێـر باسی لە پەیوەندی نێوان زمانی کوردی و فارسی کرد و پێشینەی ئەو زمانانەی بۆ بەشداران شی کردەوە.

ئەو سمینارە رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندان بە هاوکاریی کۆلێژی ئەدەبیات و زانستە مرۆیی‌یەکانی زانستگەی تاران لە ژێر ناوی "زمانی فارسی و پێشینەی بەکار هێنای ئەو زمانە لە هەرێمی کوردستان” بەڕێوە چوو.