حەفتەی چوارەمی مانگی رێبەندانی ١٣٩١
ئاژانسی کوردپا بەمەبەستی زیاتر زەق کردنەوە و تاوتوێ کردنی مەسەلە پەیوەندیدارکانی تایبەت بە ژنان، لەمەو بەدوا هەر حەفتە راپۆرتێک لەژێر ناوی "بەرموور" بڵاو دەکاتەوە.

ئامانجی سەرەکیی لە بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە تایبەتییە، زەق کردنەوەی پێشلکارییەکانی دەرهەق بە ژنان و هەروەها سەرجەم چالاکییەکانی ژنان کە لەلایەن ژنان و رێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە ئەنجام دەدرێت.

بەهۆی بەربڵاوی و گرینگیی ئەم بابەتە و هەروەها نەبوونی دەنگدانەوە لە ناو مێدیاکاندا، "بەرموور" بە شێوەی دیاریکراو دەپرژێتە سەر بابەت و مەسەلەکانی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران، بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە کە ناوچەکانی دیکەی ئێران دەخرێنە پەراوێزەوە، بۆیە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا هەوڵ ئەدات بەپێی ئیمکان، گرینگی بە سەرجەم ناوچەکان دیکەی ئێرانیش بدات.

راپۆرتی ئەم حەفتەیەی ئاژانسی کوردپا، خۆسووتاندنی ژنێک لە شاری پاوە، گیان لەدەستدانی ژنێک بەهۆی کەمیی ئیمکاناتی پزیشکی، خۆکوشتنی ژنێک لە مەهاباد، ئاماری خۆکوشتنی ژنان لە ماوەی ٢ مانگی رابردوودا، رەزامەندیی ئیدارەی ئیتلاعات لەگەڵ مەرەخەسیی "زەهرا مەنسووری"، سووتانی ژنێک بەدەستی هاوسەرەکەی خۆی و ئامۆژگاریی کەسێکی ئایینی بۆ ژنان لەمەڕ توندوتیژی پیاواندا لە خۆ دەگرێت.

کوردســــــــــــــــــتان

خۆسووتاندنی ژنێک لە پاوە

رۆژی شەممە رێکەوتی ٢١ی رێبەندان لە هەواڵێکدا بڵاو کرایەوە کە ژنێکی خەڵکی شاری "پاوە" ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و لە ئەنجامدا بووەتە هۆی گیان لە دەست دانی.

"سەروین – ی" تەمەن ٣٤ ساڵ و دانیشتووی گوندی "دووریسان"ی سەربە شاری پاوە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە گازۆییلی کردووە بەسەر جەستەی خۆیدا و ئاگری لە خۆی بەرداوە کە پاش ٢٤ کاتژمێر لەو رووداوە، بەهۆی لەسەرێ بوونی رێژەی (٩٤%) سووتانەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.

"سەروین" خاوەنی ٢ منداڵی بووە کە مێردی ناوبراو پێشتریش لەگەڵ ٢ ژنی دیکە ژیانی هاوبەشی پێکهێنابوو.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لەسەرەتای مانگی رێبەندانەوە هەتا ئێستا لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران ٣ ژن بەهۆی خوسووتاندنەوە گیانیان لەدەست داوە.

مردنی ژنێک بەهۆی نەبوونی پزیشک

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندان ژنێک لە یەکیک لە گوندەکانی سەربە شاری سنە بەهۆی نەبوونی پزیشک و ئیمکاناتی پزیشکی گیانی لەدەست دا.

"شەمسی رەشیدی" تەمەن ٤٣ ساڵ و خاوەنی ٤ منداڵ و دانیشتووی گوندی "ئاویهەنگ"ی سەربە شاری سنە بەهۆی پەستانی خوێن و نەبوونی پزیشک لە گوندەکەیان، لە کاتی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.

گوندی "ئاویهەنگ" زیاتر لە ٢٥٠٠ کەس حەشیمەتی هەیە و کە سالانە چەندین ژن بەهۆی نەبوونی پزیشک و ئیمکاناتی پزیشکی گیانیان لەدەست ئەدەن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای مانگی رێبەندانەوە هەتا ئێستا ٢ ژن لە ناوچە کوردنشینەکان بەهۆی کەمیی ئیمکاناتی پزیشکییەوە گیانیان لە دەست داوە.

ژنێک لە مەهاباد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

ژنێکی تەمەن ٣٠ ساڵ لە شاری مەهاباد بەپەت خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

"سەکینە" کە خاوەنی ٢ منداڵ بووە، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٥ی رێبەندان لە ناوچەی "پشت تەپ"ی سەر بەشاری مەهاباد خۆی هەڵواسیوە و ژیانی لەدەست داوە.

هۆکاری خۆکوشتنی ئەو ژنە هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی راپۆرتی "بەرموور" رانەگەیەندراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای مانگی رێبەندانەوە هەتا ئێستا ٥ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

خۆکوشتنی ژنانی کورد لە رووی ئامارییەوە

لە ماوەی ٢ دەیەی رابردوودا چوونە سەرێی ئاماری خۆ کوشتن و دابەزینی تەمەنی قوربانیان، ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە سەرنجی توێژەرانی و لێکۆڵەرانی وڵاتە جیاجیاکانی بۆ لای خۆی راکێشاوە و بەو هۆیەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، رۆژی ١٠ی سێپتەمبەر بەرابەر بە ١٩ی خەرمانانی وەک رۆژی جیهانیی پێشگیری لە خۆکوشتن دیاری کردووە.

وڵاتی "ئێران"یش وێڕای وڵاتانی "لەهستان، لیتوانی، بەرازیل، چین و هێندوستان" زۆرترین ئاماری خۆکوشتنی ژنانی لە ئاستی جیهاندا لە خۆ گرتووە.

هاوکات لە وڵاتی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، زۆرترین رێژەی خۆکوشتنی تێدا تۆمار کراوە.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە سەرەتای وەرزی زستانەوە هەتا ئێستا ٩ حاڵەتی خۆکوشتن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران رووی داوە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٥ کەس ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداوە و ٤ کەسیشیان لەلایەن کەسوکاری نزیکی خۆیانەوە کوژراون.

بەپێی ئەو ئامارە بەشێوەی نێونجی لە هەر مانگێکدا ٤ ژن کۆتایی بەژیانی خۆیان دێنن و ٢ ژنیش لەلایەن کەسوکاری نزیکی خۆیانەوە دەکوژرێن.

خۆسووتاندنی ژنان یەکێک لە باوترین شێوەکانی خۆکوشتنە

خۆسووتاندن یەکێک لە باوترین شێوەکانی خۆکوشتنی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دێتە ئەژمار کە زۆر جار مردنی قوربانییانی لێ دەکەوێتەوە و ئەگەریش بە زیندویی بمێنێتەوە بۆ هەتا هەتایە ئاسەواری ئەو سووتانە بە سەر ئەندامانی لەشیەوە قورسایی دەکات.

ئەو شیوە خۆ کوشتنە شێوەیەکی هەژێنەر و کارەساتبارە کە شێوەیەک لە دەنگی ماف ویستی و بێ دەسەڵاتیی ژنان لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ئێمە نیشان ئەدات و دەیانهەوێ بەم شێوەیە سەنج و رای گشتی بۆ ئەم بابەتە رابکێشن.

بێ گومان ئاماری خۆکوشتنی ژنان لەو رێژەیە زیاترە، چونکە بە چەندین هۆکار سەرجەم حاڵەتەکانی خۆکوشتنی ژنان ئاشکرا ناکرێن و زۆر جاریش کەسوکاری نزیکی خۆیان لە ژێر ناوی پاراستنی "حەیا و شەرەف" بە مردنی ئاسایی لە قەڵەم ئەدەن و بە شارەوەیی دەمێنێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە کارناسانی رایانگەیاندووە کە ساڵانە ٤٠٠ حالەتی خۆ کوشتن لە پارێزگای ئیلام بە حەشیمەتی ٦٠٠ هەزار کەسییەوە، روو ئەدات کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٢٢٠ کەسیان ژنان پێکی دێنن و زۆربەیان لە رێگەی خۆسووتاندنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.

بەپێێ ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا ٣٣ ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران دەستیان داوەتە خۆکوشتن کە ١٥ کەس ئاگریان لە جەستەی خۆیان بەرداوە و گیانیان لەدەست داوە.

ئێـــــــــــــران

رەزامەندی ئیتلاعات لەگەڵ مەرەخەسیی زەهرا مەنسووری

زەهرا مەنسووری ژنە زیندانیی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجە و کاریگەر بوونی نەخۆشییەکەی و تێکچوونی باری تەندروستی، و بۆ چارەسەریی نەخۆشیەکەی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی مەرەخەسی پێدرا.

ماوەیەک پێش ئێستا سەرەڕای رەزامەندی پزیشک و بەرپرسانی زیندان لەگەڵ مەرەخەسیی زەهرا مەنسووری، وەزارەتی ئیلاعات دژایەتیی لەگەڵ ئەو بڕیارە کرد.

ئەو زیندانییە تەمەن ٦٠ ساڵە کە تووشی نەخۆشی"شێرپەنجە" بووە و زۆر جاریش "فێ"ی لێدێت، پێشتریش لە وەرزی بەهاری ساڵی رابردوودا لە بەندی ٢٠٩ی زیندنای ئێڤین نەشتەرگەیی بۆ کرابوو.

زەهرا (مەحبووبە) مەنسووری لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تاوانی " دژایەتی لەگەڵ تەناهی نەتەویی" بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری حوکم درابوو.

ئەو حوکمە بە هۆی دۆخی تایبەتی ناوبراو بۆ ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری و ٥ ساڵ زیندانی هەڵپەسێراو کەمی کردبوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر ئەمساڵ بۆ تێپەڕاندنی حوکمەکەی گوازرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین.

سووتانی ژنێک بەدەستی هاوسەرەکەی خۆی

رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٣ی رێبەندان ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەی خۆیەوە لە شاری "رەشت" ئاگری تێبەردرا.

ئەو رووداوە کە لە کۆڵانی "حاجی" هەڵکەوتوو لە بلواری "ئیمام رەزا"ی شاری رەشت هاتۆتە ئاراوە، کە ژنێکی تەمەن ٤٦ ساڵ لەلایەن مێردەکەی خۆیەوە بەنزین بە جەستەیدا کراوە و دەستبەجێ ئاگری لەجەستەی بەرداوە.

پاش رووداوەکە ئەو ژنە لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گوازراوەتەوە کە بارودۆخی تەندروستی ناجێگیر راگەیەندراوە.

ئەو رووداوە کە لە نێو یەکێک لە فرۆشگەکانی نزیک بە شوێنی نیشتەجێ بوونی خۆیان بووە، بەشێوەی ئەنقەست و بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە هاتۆتە ئاراوە.

ئاخوندێک : "ژنان لەهەمبەر توندوتیژیی مێردەکەیان لای خودا سكاڵا بکەن"

لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا، یەکێک لە ئایەتوڵاکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئامۆژگاری دایە ژنان و رایگەیاند: کە لە هەمبەر توندوتیژیی مێردەکانیان، دان بە جەرگی خۆیاندا بگرن و لای خودا سکاڵا بکەن.

ئایەتوڵڵا "مەکارمی شیرازی" شەوی پێنجشەممە لە بەرنامەیەکی رستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا کە لە کاناڵی ئاسمانیی "ولایت"ـەوە بڵاو دەکرایەوە، داوای لە ژنان کرد کە لە کۆڕە ئایینیەکان دوور نەکەونەوە و بەردەوام لە کۆڕ و زکری ئایینیدا بەشداری بکەن.

ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بە ژنانی راگەیاند: کە لەهەمبەر توندوتیژیی مێردەکەیان هەڵسوکەوتی نەرم و نیان لە خۆیان نیشان بدەن و لە نوێژ کردنێشدا لە خودا بپاڕێنەوە کە مێردەکەیان بەرەو رێگەی دروست رێنوێنی بکات.

سەرچاوەکان:
ئاژانس هەواڵدەریی کوردپا
هەواڵدەریی هێـــرانا
ماڵپەڕی کوردستان میدیا
ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان