ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٥، شیرین مەسعوودی، لە ڕاهێنەرانی ساڵۆنەکانی جوانکاری و ئەندامی گرووپی شاخەوانیی «ڕاژان»ی مەهاباد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێکۆڵینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ساڵۆنی جوانکاریی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە نزیک پردی قانعی مەهاباد و بە توندوتیژییەوە دەسبەسەریان کردووە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە زیادی کرد: تا ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە بۆ ئاگادابوون لە چارەنووسی بێئاکام بووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژی شیرین مەسعوودی لەبەر دەستدا نییە.





