خۆکوژیی کچێک لە شاری نەغەدە

14:25 - 23 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: کچێکی تەمەن ١٧ ساڵ لە شاری نەغەدە لە ماڵی خۆیاندا کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە ئێوارێی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕ کچێک بەناوی \"ناهید مەغفرەت\" (قەڵاتی) تەمەن ١٧ ساڵەی خەڵکی نەغەد ، خۆی هەڵواسیوە و لە ئەنجامدا بۆتە هۆی گیان لەدەست دانی.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ناهید بەهۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەی رێگرییان لە شوو کردنی ناوبراو بە کوڕی دڵخوازی خۆی کردووە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستا منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ و قوتابیی پۆلی ٥ی سەرەتایی لە شاری ورمێ بەمەبەستی گوشار خستنەسەر باوکی خۆی، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

کارناسان و توێژەرانی کۆمەڵایەتی \"هەژاری، کێشە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەکانیان وەک سەرەکی‌ترین هۆکاری دابەزینی تەمەنی خۆکوژی هاووڵاتییانیان لە قەڵەم داوە.