ئاژانسی کوردپا: هەشتەمین خولی فستیڤاڵی فیلمی کوردی و پێشبڕکێی "یەڵماز گۆنەی بۆ کورتە فیلم" بە بەشداری بەرهەمی سینەماکارانی کورد و بیانی لە شاری "لەندەن"ی وڵاتی بریتانیا بەڕێوە دەچێت.
بەپێی هەواڵی بەشی راگەیاندنی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی، ئەو فستیڤاڵە لە سێ بەشی فیلمی بڵندی سینەمایی، فیلمی دیكۆمێنتی، ئەنیمەیشن و كورتە فیلم، بە ناوەرۆكی چیرۆكی و دیكۆمێنتی لە رۆژانی ١٥ هەتا ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٣ لە سینەمای "پیكچەرهاوس" لە ناوچەی هەكنی لە شاری لەندەن لە وڵاتی بەریتانیا بەڕێوەدەچێت.
سینەماکاران و دەرهێنەران دەتوانن هەتا رێکەوتی ٣١/٧/٢٠١٣ بەرهەمە سینەماییەکانی خۆیان بۆ بەشداری کردن لە فستیڤاڵەکەدا رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی و دەبیرخانەی فستیڤاڵ بکەن.
هەروەها پێشبڕكێی "یەڵماز گۆننەی بۆ كورتە فیلم" لە لایەن فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لە لەندەنەوە، بۆ یاد و بیرئانینی دەرهێنەری گەورەی كورد یەڵماز گۆنەی، سازدراوە.
بەڕێوەبەرانی هەشتەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی كوردی لەندەن و چوارەمین خولی پێشبڕكێی "یەڵماز گۆننەی بۆ كورتە فیلم" داوایان لە هەموو دەرهێنەرە كوردەكان و هەروەها بە گشتیی دەرهێنەرانی سەرتاسەری جیهان کردووە كە ئەگەر فیلمکانیان پەیوەندی بە كوردەوە هەیە و ناوەرۆكەكەیان سەبارەت بە كورد و كوردستانە، رەوانەی دەبیرخانەی فستیڤاڵ بکەن.





