بەڕیوەچوونی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە شاری کرماشان

16:16 - 19 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای بانگەوازی چالاکانی یارسانی و مافی مرۆڤ بۆ خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە کرماشان سەبارەت بە سووکایەتی کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکان بە پەیڕەوانی کوردی یارسانی، خۆپیشاندانێکی هەزار کەسی لەو شارە بەرێوە چوو.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ١٩ی جۆزەردان زیاتر لە هەزار کەس لە هاووڵاتییانی کورد بەمەبەستی مەحکووم کردنی هەڵسووکەوتی هێزە ئیتلاعاتییەکان لەمەڕ سووکایەتی کوردن بە پەیڕەوانی ئایینی یاری، خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان بەڕیوەبرد.

خۆپیشاندەران وێڕای مەحکووم کردنی ئەو هەڵسووکەوتە و بێ‌ڕێزی کردنەی ‌هێزە ئیتلاعاتییەکان بە پەیڕەوانی ئایینی یارسان، داوای ئازادیی \"مێهرداد رەحمانی\" وێنەگری دەستبەسەر کراوی روودی خۆسووتاندنەکەیان کرد.

بە وتەی یەکێک لە خۆپیشاندەران جێگری ئوستانداری چۆتە شوێنی کۆبوونەوەکە و هەنووکە قسە بۆ خۆپیشاندەران دەکات و داوای هێور بوونەوەی دۆخەکەی کردووە.

هاوکات خۆپیشاندەران رایانگەیاندووە کە هەتا رۆژی چلەی \"نیکمەرد تاهیری\" دەبێ ئەنجامدەرانی ئەو سووکایەتی پێکردنەوە سزا بدرێن و لە ئەگەرێ پشت گوێ کەوتنی ئەو مەسەلەیە سەر لەنوێ دەست بە خۆپیشاندان دەکەنەوە.

دوابەدوای خۆسووتاندنی حەسەن رەزەوی و نیکمەرد تاهیری\" دوو هاووڵاتیی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە سووکایەتی کردنی هێزە ئیتلاعاتییەکان بە ئایین و خەڵکی یارسان لە شاری هەمەدان و گیان لەدەست دانی نیکمەرد تاهیری، چالاکانی مافی مرۆڤ و یارسان داوایان کرد کە رۆژی ١٩ی جۆزەردان لەبەرامبەر ئوستانداری ئوستانی کرماسان کۆبوونەوە.

هەر لەو پەیوەندییەشدا چەندین حیزبی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران پشتیوانیی خۆیان لەو هەر جۆرە پیشاندانێکی ناڕەزایەتی دەربڕی.

رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٤ی جۆزەردان حەسەن رەزەوی لە هەمبەر ئەو سووکایەتی کردنەی هێزە ئیتلاعاتییەکان ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە، هەنووکە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری تاران لە دۆخێکی ئەمنیەتیدا، لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

دوابەدوای ئەم رووداوە، نیک مەرد تاهیری خەڵکی شاری سەحنەی کرماشان کە رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٥ی جۆزەردان لە شوێنی هەمان رووداو و بە ئامادەبوونی خەڵک و فیلمبەردار ئاگری لەجەستەی خۆی بەردابوو، بەهۆی سووتانی ٦٠%ی جەستەیەوە دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

بەپێی وتەی شایەتحاڵان ئەو کەسەی فیملی لەو رووداوە هەڵگرتووە، لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا ماوەتەوە و مەترسیی گیانی بەسەر ناوبراو لە ئارادایە.

کەڵک وەرگرتن لە زانیارییەکانی ئەم هەواڵە تەنیا بە ناو هێنانی سەرچاوەکەیەوە رێگە پێدراوە.

\"13168.jpg\"

\"13167.jpg\"