ئاژانسی کوردپا: حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سمیناری "کوردستانی رۆژهەڵات بەرەو داهاتوو"دا بەشدارییان کرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە رێکەوتی ١٨ی جۆزەردان هەژدە یەکییەتی و رێکخراوی مەدەنی کوردستانی ئێران بە بەشدارییی ٦ حیزبی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سمینارێکی هاوبەشدا "بارودۆخی هەنووکەیی ئەو حیزبانە و داهاتووی سیاسی ئێران و کوردستان"یان تاوتوێ کرد.

چالاکانی مەدەنی و رێکخەرانی سمیناری "رۆژهەڵات بەرەو داهاتوو" ئامانجیان لە بەڕێوەبردنی ئەو سمینارە، "لێکنزیبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان و دیاریکردنی سیاسەتێکی تۆکمە و گەیشتن بە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ یەکگوتاریی نەتەوەیی – دێمۆکراتیکی کوردستانی ئێران"، راگەیاندووە.

لەو سمینارە یەک رۆژەیەدا هەر یەک لە دوکتور "سەعید شەمس" مامۆستای زانکۆ لە شاری سۆران و "بێهزاد خۆشحاڵی" نووسەر و لێکۆڵەری کورد بەشێوەی تیۆری و زانستی باسییان لەهاتووی ئێران و کوردستان کرد و دواتریش نوێنەرانی ٦ حیزبی بەشدار روانگە و بۆچوونی حیزبەکانی خۆیان لەمەڕ بابەتی داهاتووی ئێران وکوردستان خستەڕوو.

ئەو سمینارە کە بە مەبەستی لێکنزیکبوونەوە و یەکگوتاریی نەتەوەیی نێوان حیزبەکانی رۆژهەڵات و بە ئامادەبوونی میدیای ئەو ٦حیزبە و چەندین کاناڵی تەلەفزیۆنیی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو، نەبوونی یەکگوتاری و بەرەیەکی هاوبەش لەلایەن چالاکانی سیاسی و مەدەنیی بەشداری ئەو سیمنارە بەرەوڕووی رەخنە بوویەوە.

خەرمانانی سالی ١٣٩٠ حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە رێکەوتننامەیەکی هابەشیان واژۆ کرد کە دواتر دژکردەوەی ئەرێنی و نەرێنی لە ئاستی کوردستان و ئێراندا بەدواوە بوو.