ئاژانسی کوردپا: پەروەندەو چارەنووسی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور دوو برای رۆژنامەنووسی زیندانی کراو، پاش ٣ مانگ لە دەستبەسەر کران بە ناڕوونی ماوەتەوە.
عەباس جەماڵی پارێزەری برایانی کوردپوور لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: پاش ٣ مانگ لەدەستبەسەریی مەسعوود و خوسرەو کوردپوور سەرەڕای ئەوە کە چەندین جار سەردانی ئیدارەی ئیتلاعات و دادگای شاری مەهابادمان کردووە، ئیزنی چاوپێکەوتنیان بە من نەداوە.

جەماڵی ئەوەشی خستەڕوو کە حەفتەی رابردوو خوشکە گەورەی برایانی کوردپوور بە تەنیا توانیویەتی بۆ ماوەیەکی کوردت چاوی بە براکانی بکەوێ و کوردپوورەکان ناڕەزایەتیی قوڵیان سەبارەت بە دۆخی خۆیان دەربڕیوە و داوایان لە سەرجەم رێکخراوە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ کردووە کە لەو پەیوەندیەیدا بێ دەنگ نەبن.
جەماڵی راشیگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان هەتا ئێستا تاوانی مەسعوود و خوسرە کوردپووریان رانەگەیاندووە و بەپێی وتەی ئەو دوو برا رۆژنامەنووسە لەماوەی دەستبەسەر کرانیانەوە هەتا ئیستا لێپرسینەوە(بازجویی)یان لێنەکراوە.
هەروەها ماوەی دەستبەسەریی ئەو دوو برا رۆژنامەنووسە ٢ جار لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە درێژ کراوەتەوە.
رێکەوتی ٣٠ خاکەلێوە خوسرەو کوردپوور رۆژنامەنووسی کورد و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ناڕوونیی پەروەندەکەی مانی لە خواردن گرتبوو کە پاش ٢٥ رۆژ کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.
رێکەوتی ١٧ و ١٩ی رەشەمەی ١٣٩١ی هەتاوی خوسرەو و مەسعوود کوردپوور لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کران.





