بەردەوامیی زەخت و گوشاری هێزە ئینتزامییەکان بۆ سەر کاسبکارانی پاوە

13:35 - 28 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستیان داوەتە بە ئازار و ئەزیەتی کاسبکارانی ناوچەی پاوە و کۆمەڵێک بار و کەلوپەلی ئەو کاسبکارانەیان زەوت کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی ٢٧ی سەرماوەز ‌هێزە ئیتزامییەکانی جێگیر لە پاسگای \"شۆشمێ\" سەر بە بەخشی نەوسوود لە شاری پاوە لە شوێنێک بەناوی \"قەڵاگا\" بۆسەیان بۆ کاسبکاران ناوەتەوە و بار و کەلوپەلی کاسبکارانی ئەو دەڤەرەیان زەوت کردووە کە بە وتەی خۆیان بایی زیاتر لە ١٢٠ ملیۆن تمەن بووە.

\"10237.jpg\"
سەرچاوەیەکی ئاگادار بەئاژانسی کوردپای راگەیاند: هاوکات لەگەڵ ئەو رووداوە هێزە ئینتزامییەکان دەستیان بەسەر ١٢ سەر هێستری ئەو کاسبکارانەدا گرتووە کە دواتر بە نرخێکی زۆر هەرزان بە چەند کەسێکی سەر بە حکوومەت فرۆشراونەتەوە کە دوابەدوای ئەو کارەی هێزە ئینتزامییەکان، هاووڵاتییان ناڕەزایەتیی خۆیان بەو کارە دەربڕیوە و بەو هۆیەوە چەند کەسێک دەستبەسەر کراون کە هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم هەواڵە ناوی ئەو کەسانە نەزانراوە.

ئەو سەرچاوەیە لەزاری کەسێکی باوەڕ پێکراوەوە بە هەواڵنێری ئاژانسی کوردپای راگەیاندووە: \"چەند رۆژ پێش ئێستا \"شۆرای تەئمینی\" پارێزگای کرماشان بە مەبەستی راکێشانی خەڵک بەرەو لای حکوومەت سنوورەکانیان وەک تاکە سەرچاوەی داهاتی هاوولاتیان داخستووە و هەر لەو چوارچێوەیەدا چەند رۆژێکە هاتوچۆ لە سنوورەکان قەدەغە کراوە\".

لەلایەکی دیکەوە شۆرای تەئمینی شاری پاوە نووسراوەیەکیان لەنێو شاری نەوسوود و گۆندەکانی دەوروبەری بڵاو کردۆتەوە و گوشاریان خستۆتە سەر کاسبکاران کە دەبێ لە ماوەی یەک حەفتەدا هێستر و ئەسپە بارهەڵگرەکانیان بفرۆشن.