ئاژانسی کوردپا: کۆمەڵە چیرۆکی بیانیی "نان و ماچ" کە بە هاوبەشی لەلایەن "جەواد حەیدەری و رەسووڵ سوڵتانی"یەوە وەرگیڕدراوە، چاپ و بڵاو کرایەوە.

جەواد حەیدەری شاعیر و وەرگێڕ لە پێوەندییەکی کورتدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ئاشکرای کرد، ئەو کۆمەڵە چیرۆکە لە زمانی فارسییەوە بە هاوبەشیی من و رەسووڵ سوڵتانی شاعیر و وەرگێڕ وەرگێڕدراوە و بە هەژماری ٥٠٠ دانە لەلایەن "بەڕێوەبەرێتیی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی"یەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.

حەیدەری ئاماژەی بەوەش کرد "نان و ماچ" زیاتر لە ٢٠ چیرۆکی هەڵبژاردەی چیرۆکنووسانی ناوداری ئەمڕۆی ئەدەبیاتی داستانیی ئێرانی لەخۆ گرتووە.

وتیشی: چیرۆکی کەسانێکی وەک: "عەلی ئەکبەر کرمانی‌نژاد، شەهلا شەهابیان، عەباس موئەزن، حافز غیاوی، سوودابە ئەشرەفی، مونیرە رەوانی پوور، مستەفا مەستوور، مەحموود دەوڵەت‌ئابادی، میترا دادوەر، فریشتە نەوبەخت و ...چەند کەسی دیکەی تێدایە".

جەواد حەیدەری، شاعیر و وەرگێڕ لەدایک بووی شاری بۆکان کە پێشتر کۆمەڵە شێعرێکی بەناوی "تەیاییش بەشم ناکات" بڵاو بۆتەوە و ئێستاش ٣ کتێبی دیکەی لە بواری وەرگێڕاندا ئامادەی چاپن.

رەسووڵ سوڵتانی، شاعیر و وەرگێڕ لەدایک بووی شاری بۆکان و لە بواری ئەدەب و وەرگێڕاندا کەسێکی چالاکە و لەم بارەوە خاوەن زیاتر لە ١٠ بەرهەمە.