کرماشان؛ تاهێره سلێمانی، چالاکی ژینگەپارێز و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی جێبەجێکرانی ٣ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکران ڕەوانەی بەندیخانە کرا

20:16 - 19 رێبەندان 2725

۱۹ی ڕێبەندانی ۱۴۰۴؛ "تاهێره سلێمانی" چالاکی ژینگەپارێز و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە لەو کاتەدا بریندار و دەسبەسەریش کرابوو، بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزای ٣ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکران ڕەوانەی بەندیخانەی کرماشان کرا. ناوبراو منداڵێکی بچووکی هەیە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، "تاهێره سلێمانی" ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤ بۆ جێبەجێکردنی ٣ مانگ و ١٠ ڕۆژ بەندکران، ڕەوانەی بەندی ژنانی بەندیخانەی کرماشان کرا. ئەو بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام لە ڕێگەی ناردی وێنە و ناوەڕۆکی تاوانکاری بۆ گرووپە دژبەرەکانی نیزام" بەم حوکمە سزا دراوە؛ تۆمەتێک کە لەلایەن ناوبراوەوە بەتەواوەتی ڕەت کرایەوە و جەختی کردووەتەوە کە هیچ جۆرە ئەندامەتییەکی لە گرووپە سیاسییەکاندا نەبووە.

ئەم چالاکە ژینگەپارێزە لە ڕێکەوتی ١٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، لە بلواری "تاقەوسان"ی کرماشان و لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا بە لێدانی باتوم لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە دەستی شکا. بە هۆی سەختیی برینەکانەوە، پاش ڕاگوێزران بۆ ناوەندە دەرمانییەکان نەشتەرگەری بۆ دەستی کرا و پلاتینی تێدا دانرا.

لە درێژەی گوشارەکاندا، چەند مانگ پاش ناڕەزایەتییەکان، "تاهێره سلێمانی" دەسبەسەر کرا و لێپرسینەوەی لێ کرا. لە ئاخرین حاڵەتدا، هێزە ئەمنییەتییەکان سەرلەبەیانیی ٢ی خەرمانانی ١٤٠٤ بە بێ بەڵگەی یاسایی و بەشێوەی توندوتیژ، لە پێش چاوی منداڵەکەی دەسبەسەریان کرد. لە کاتی دەسبەسەرکرانیشدا بە بێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایل و لەپتابەکەیدا گرت.

ناوبراو پێشتر ١٩ ڕۆژ بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرابوو کە ئەو ماوەیە لە جێبەجێکرانی حوکمی بەندکرانەکەیدا هەژمار دەکرێ. ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەرکراندا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کرابوو.

پێویستە بوترێ کە وێنە و بەڵگەکانی ئەم دەسبەسەرکراوە بە کوردپا گەیشتوون.