١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٣٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئەمیرڕەزا فرووهەر" لاوی ٢٠ ساڵان لە کوردە کرمانجەکانی بۆجنوورد، ناوبراو بەبێ ڕاگەیاندنی فەرمی لە بەندیخانەی بۆجنوورد لە دۆخێکی ناڕووندا ڕاگیراوە و بنەماڵەکەی بەجیددی نیگەرانی دۆخ و چارەنووسی ناوبراون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ئەمیرڕەزا فرووهەر" ڕۆژی ٢٠ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.  ناوبراو هەمان ڕۆژ پێوەندییەی کورتی تلفۆنیی بە بنەماڵەکەیەوە گرت و ئەوانی لە دەسبەسەرکرانی خۆی ئاگادار کردەوە و پاش چەند ڕۆژ بۆ بەندیخانەی بۆجنوورد ڕاگوێزرا. بەم حاڵەوە لە کاتی ڕاگواستنیەوە تاکوو ئێستا چارەنووسی ناڕوونە و لە مافی هەر چەشنە پێوەندی، چاوپێکەوتن و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریش بێبەری کراوە.

درێژەکێشانی ناڕوونیی چارەنووسی ئەم لاوە کوردە لە بەندیخانەی بۆجنوورد، نیگەرانییەکان سەبارەت بە گیان و چارەنووسی ناوبراوی بەدواوە بووە.