١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠٤؛ سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢١ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی "ئێلیاس جەوانمەرد" هاووڵاتیی ٣٨ ساڵانی خەڵکی شاری "لۆمار" سەر بە شاری سیروان لە پارێزگای ئیلام، تاکوو ئێستا سەبارەت بە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و بنەماڵەکەی بەجیددی نیگەرانی دۆخ و چارەنووسی کوڕەکەیانن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت؛ "ئێلیاس جەوانمەرد" ڕۆژی ٢٨ی بەفرانباری ١٤٠٤، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە، تاکوو ئێستا هیچ وڵامێک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە سەبارەت بە دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو نەدراوە و بنەماڵە و نزیکەکانی بەجیددی نیگەرانی گیان و چارەنووسی ناوبراون.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی ٢١ی ڕۆژ دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەدا، لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە و درێژەکێشانی ناڕوونیی چارەنووسی، نیگەرانییەکان سەبارەت بە گیان و چارەنووسی بەدواوە بووە.

"ئێلیاس جەوانمەرد" خێزاندارە، منداڵی هەیە و سەرپەرستی بنەماڵەیە.