بەندیخانەی نەغەدە؛ ئەنوەر ئیبراهیمی بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا

21:39 - 2 خاکەلێوه 2725

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئەنوەر ئیبراهیمی" تەمەن ٣٧ ساڵ و کوڕی محەممەد، خەڵکی گوندی "کۆنەلاجانی" پیرانشار بە دانانی بارمتەی پێنج میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ڕۆژی دووشەممە یەکی ڕێبەندانی ١٤٠٣، ئەنوەر ئیبراهیمی بە بێ بەڵگەی یاسایی بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەسبەسەر کرا و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرا.

 تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەنوەر ئیبراهیمی زانیارییەک دەست نەکەوتووە.