ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، «ئەمیر سولەیمانی»، هاووڵاتیی تەمەن ٤٤ ساڵی خەڵکی گوندی «خورخورە»ی ناوچەی شاروێرانی مەهاباد و لە ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵات، دوای ٣٢ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەی ١٠ میلیارد تمەنی و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە کە ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥ دوای تەواوبوونی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێوە بۆ بەندیخانەی مەهاباد گوازراوەتەوە و لە تەواوی ماوەی دەسبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کرابوو.
بەرەبەیانیی شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ١٤٠٥، ئەم هاووڵاتییە کوردە بە هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا. ئەمیر سولەیمانی خێزاندارە و باوکی دوو منداڵە. ئەو برای "حیسام سولەیمانی" لە چالاکانی سیاسیی دەرەوەی وڵاتە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەک سەبارەت بە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردن و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.





