لەکاتێکدا کە لە چوارەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» نزیک دەبێتەوە، راپۆرتە گەیشتووەکان بە کوردپا تا شه‌وی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، باس لە زاڵبوونی کەشوهەوای ئەمنییەتی و سەربازی لە سەقز، لە ڕێگەی جێگیربوون و گەڕانی ماشین و هێزەکانی سەرکوت لە مەیدانە سەرەکییەکانی شار، جێگیرکردنی دەیان هێزی ئەمنی لەسەر ڕێگەی گۆڕستانی ئایچی و داخرانی ڕێگەی سەرەکیی ئەم گۆڕستانە دەکەن.

سەرچاوەکانی کوردپا دەڵێن؛ لە ناو شاردا و لە مەیدان و شەقامە سەرەکییەکاندا، بەتایبەت لە سەر شەقامی ئینقلاب بەرەو زیندان و جاددەی سەقز-بانە، هێزە سەربازییەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو جێگیر کراون. هەروەها دەوروبەری فەلەکەی زیندان، مەیدانی «قودس» و مەیدانە سەرەکییەکانی دیکە، لەگەڵ دەروازەکانی هاتنەژوورەوەی بانە، سنە و بۆکان بۆ سەقز، بە هێزی سەربازی، لیباس شەخسی و ئەمنییەتی تەنراون و جیا لە دانانی خاڵی پشکنین، سەرقاڵی گەڕانن.

سەرچاوەکانی کوردپا جەخت دەکەنەوە کە کەشوهەوایەکی زۆر ئەمنییەتی بەسەر سەقزدا زاڵ کراوە و تەواوی ڕێگە سەرەکی و لاوەکییەکانی سەر بە گۆڕستانی ئایچی داخراون. جیا لە گواستنەوەی دەیان ماشینی گاردی تایبەت و وەن و ماتۆڕ لە ڕێگەکانی دەوروبەرەوە بۆ ناو سەقز، ئاوی بەنداوی «چراوەیس»یش بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک بەر دراوەتەوە تا ڕێگە لاوەکییەکانیش بۆ سەر مەزاری ژینا بە تەواوی ببەسترێن.