٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ ئەو ڕاپۆرت و وێنانەی کە بەدەستی کوردپا گەیشتووەکان نیشانی دەدەن کە لە بەرەبەرەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینیدا، ئاوی بەنداوی «چراوەیس»ی سەقز بۆ سێیەم ساڵی لەسەریەک بە مەبەستی سنووردارکردن و داخرانی ڕێگە لاوەکییەکانی گەیشتن بە گۆڕستانی ئایچی، شوێنی مەزاری ژینا ئەمینی، بەر دراوەتەوە. هەروەها لە ڕێگە سەرەکییەکانیشدا هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکان بە ماشین و کەلوپەلی سەربازییەوە جێگیر دەکرێن.

لە تەواوی سێ ساڵی ڕابردوودا و لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینیدا، حکوومەت بە مەبەستی ڕێگری لە دەسڕاگەیشتنی خەڵک بە مەزاری ژینا ئەمینی ئەم هەنگاوەی ناوە. لەم ماوەیەدا تەنانەت ڕێگە بە بنەماڵەی ژیناش نەدراوە بچنە سەر مەزاری ناوبراو و هێزە ئەمنییەتییەکان لە بەردەم دەرگای ماڵی ئەمجەد ئەمینی جێگیر بوون و ڕێگرییان لە چوونەدەرەوەیان کردووە.

ڕۆژی ڕابردوو، ۲۳ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ بەپێی ئەو وێنانەی گەیشتوونەتە دەست کوردپا دەریدەخەن کە لە بەردەوامیی سیاسەتی بەئەمنیکردنی گۆڕستانی ئایچی و شاری سەقز لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا و دوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و بەخاکسپاردنی شکۆداری تەرمی ژینا لە گۆڕستانی ئایچی کە «ژن، ژیان، ئازادی»ی خولقاند، وێنە نوێیەکان ئەوە نیشان دەدەن کە دوو دامەزراوەی شارەوانی و ئیدارەی ئیتلاعات، دەستیان کردووە بە دروستکردنی کۆڵەکەی گەورەتر و بەرزتر بۆ دامەزراندن و پەرەپێدانی کامێراکانی چاودێری لە ئاراستەی ڕێگەی سەقز و گۆڕستانی ئایچیدا.