سنە؛ سۆما محەممەدڕەزایی، چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری ژنان بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، سۆما محەممەدڕەزایی، تەمەن ٣٧ ساڵ و چالاکی مەدەنی و چالاکی بواری ژنانی خەڵکی سنە بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.
سۆما محەممەدڕەزایی سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی لە سنە دەسبەسەر کرا.
دەسبەسەرکرانی ئەم چالاکەی بواری ژنان لە پێوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنان لە سنە بووە.
تاکو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سۆما محەممەدڕەزایی زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٣، کۆمەڵێک لە چالاکانی بواری ژنان و چالاکانی مەدەنی لە سنە، پێکهاتوو لە دایکانی مافخواز، گرووپەکانی ژنان، ژینگەپارێزی، سێنفی و وەرزشکاری بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژن ڕێوڕەسمێکی گەورەیان بۆ بەرزڕاگرتنی ٨ی مارس بە خویندنەوەی بەیاننامە، دروشمی یەکسانیخوازانە و بەشداریی بەربڵاوی خەڵک و چالاکان بەڕێوە برد.