بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی فایەق ڕەشیدیان و فەرزاد نووری

01:39 - 17 رێبەندان 2724

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک مانگ لە دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "فایەق ڕەشیدیان" و "فەرزاد نووری" خەڵکی گوندی "خوردەلوکی" سەر بە شاری سەقز، سەبارەت بە چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو هاووڵاتییە لە کاتی دەسبەسەرکرانیانەوە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەری کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: تاکوو ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان بێ ئاکام بووە.

ئەم سەرچاوە ڕایگەیاند: ناوەندە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەم دوو هاووڵاتییە کردووە کە لە بەمیدیاییکردنی هەواڵی دەسبەسەرکرانی منداڵەکانیان خۆ ببوێرن.

فایەق ڕەشیدیان و فەرزاد نووری ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی بەفرانباری ١٤٠٣ بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: فایەق ڕەشیدیان و فەرزاد نووری