سارا لارکمپ، کەفیلی سیاسی؛ من لە خەبات بۆ ئازادیی سوعدا و سولینا پاشگەز نابمەوە

03:29 - 2 خەرمانان 2724

سارا لارکمپ، پارێزەری مافی منداڵان لە فراکسیۆنی  SPDی پارلەمانی ئاڵمان، کە زیاتر لە ساڵێکە کەفالەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی سۆلینای لە ئەستۆ گرتووە لە کاردانەوە بە درێژەکێشانی ڕاگیرانیان لە بەندیخانەی ورمێ نووسیویەتی، من لە خەبات بۆ ئازادیی سوعدا و سولینا پاشگەز نابمەوە.

ناوبراو سەبارەت بە درێژەکێشانی ماوەی دەسبەسەرکرانی سۆلینا و دایکی لە بەندیخانەدا دەڵێ؛ هیچ منداڵێک نابێ لە بەندیخانەدا گەورە بێت، بەڵام ئەمە ڕاستییەکی تۆقێنەرە کە سۆلینا لە بەندیخانەی ورمێدا لەدایک بوو و تاکوو ئەمڕۆ لەگەڵ دایکی سوعدا، لە بەندیخانەدایە.

ناوبراو دەڵێ؛ ئەگەرچی دادگا هەندێ لە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سوعدای ڕەت کردووەتەوە، بەڵام دایک و کچ بە دۆخێکی نامرۆڤانەدا تێدەپەڕن و بەدخۆراکی، دەرەنجامی دەروونی و فیزیکی و هەروەها کەمبوونی چاوەدێری و پێڕاگەیشتنی پزیشکیی کردووەتە تایبەتمەندیی ژیانی ڕۆژانەیان.

ئەم نوێنەرەی پارلەمانی ئاڵمان لە کۆتاییدا دەڵێ؛ من وەکوو نوێنەری منداڵان بۆ گرووپی SPDی پارلەمانی ئاڵمان لە بەرانبەر ئازادیی ئەواندا بەرپرسیارم. ئەمە ئەرکی ئێمەیە کە بۆ مافی مرۆڤ و کەرامەتی هەر منداڵێک خەبات بکەین.

گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢، سارا لارکمپ، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە فەیسبووکی خۆی، ڕایگەیاند کە کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەی "سۆلینا"ی، لە ئەستۆ گرتووە و لە نامەیەکدا بۆ باڵوێزخانەی ئێران لە ئاڵمان، بەنیسبەت دۆخی ئەوان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و خوازیاری ئازادییان لەو دۆخە نامرۆڤانەی زیندانی ورمێ بووە.

سارا لارکمپ، لەم پۆستە فەیسبووکییەدا ڕایگەیاندووە، وەکوو نوێنەری پارێزەری مافی منداڵان لە فراکسیۆنی  SPDی پارلەمانی ئاڵمان، من بە دۆخی ئەم دایک و منداڵە حەپەساوم و نیگەرانم! بۆیە داوا لە هەمووان دەکەم ئەم پۆستەی من هاوبەش بکەن و سەرنجمان بخەینە سەر چارەنووسی سوعدا و سۆلینا!

ئەم پارلەمانتارە ئاڵمانییە، بە ئاماژە بە نەبوونی کەرەستەی یاریکردن، پزیشکی منداڵان، دەرمان، خواردن و جلوبەرگی پێویست بۆ سۆلینا، ئیزنی یەک کاتژمێر چوونەدەرەوە لە بەند لە ڕۆژدا و دەسپێڕانەگەیشتنی سوعدا بە پارێزەر و مورەخەسی وتوویەتی دۆخی ئەوان دژی مافی مرۆڤە و دەبێ بەزوویی ئازاد بکرێن.

ئەم پارێزەری مافی منداڵانە لە پارلەمانی ئاڵمان، لە دەقی نامەکەیدا وتوویەتی؛ پاش ئەوەی کە لە دۆخی سەعدا و سۆلینا ئاگادار کرامەوە، ئەرکی پشتیوانی لەوان لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هاوار"م لە ئەستۆ گرت. سوعدا بە ئەندامەتی لە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی کورد تۆمەتبار کراوە، تۆمەتێک کە کۆمەڵگەی بەلاڕێداچووی ئێران، لەگەڵی بەرەوڕوویە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکراندا دووگیان بووە و ناچار بووە و لە دۆخێکی مەترسیداردا منداڵەکەی بێنێتە دونیاوە و ئێستا بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە، لەلایەن سارا لارکمپ لە ئاکامی زانیاریی وردی کوردپا و هەوڵی دوو مانگە و هاوکاریی دوو لایەنەی لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هاوار"، بووە.

پێشتر کوردپا، لە یەکەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سۆلینادا، پەرژابووە سەر دۆخی ئەم دایک و منداڵە زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ.