سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای قوتابخانەکانی مەریوان لە ئیدارەی پەروەردە دەر کرا

11:15 - 7 جۆزەردان 2724

سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستا لە بەشی ناوەندیی شاری مەریوان، لەلایەن لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پارێزگای سنە، لە ئیدارەی پەروەردە دەر کرا.

پەروەردە و بارهێنانی مەریوان لە ڕۆژی ٢٣ی بەفرانباری ١٤٠٢دا لە نامەیەکدا بۆ لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پاریزگای سنە، سومەیە ئەختەرشوماری بە "بڵاوکردنەوەی بابەت بە مەبەستی بێڕێزیکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست دژی نیزامی کۆماری ئیسلامی، ئەندامەتی لە کاناڵە نایاساییەکانی مامۆستایان لە سۆشیاڵ میدیا و تۆمارکردنی بابەت بە مەبەستی هاندان لە کاناڵی سێنفیی مامۆستایانی مەریوان و سەوڵاوا و فەرهەنگییانی ئێران، داڕشتنی پرسیاری تاقیکارییەکانی وانەی ئینگلیزی بۆ پشتیوانی لە ناڕازییان (ناوهێنان لە ناڕازییان لە تێگەیشتن لە بابەتەکە و پرسیارەکانی زمانی ئینگلیزی) و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، پشتیوانی لە حیزبە کوردستانییەکانی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وێنەی خۆی بە بێ حیجاب لە سۆشیاڵ میدیا و پشتیوانی لە دروشمی جیاییخوازانە، بڵاوکردنەوەی وێنەی بە بێ حیجابی قوتاببیان و نووسینی دروشم لە سۆشیاڵ میدیا، بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵەکەی بە جلوبەرگی حیزبە کوردستانییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران لە لاپەڕەکانی خۆی لە سۆشیاڵ میدیا بە دروشمی ئەم حیزبانە و ئاڵای کوردستان و نووسینی بابەت لە کاناڵی سەندیکا سێنفییەکانی فەرهەنگییانی ئێران" تۆمەتبار کردووە.

لێژنەی سەرەتایی پێڕاگەیشتن بە سەرپێچییە ئیدارییەکانی کارمەندانی پارێزگای سنە بە پشتبەستن بە نامەی پەروەردە و بارهێنانی مەریوان سزای دەرکرانی ئەم مامۆستا کوردەی لە ڕۆژی ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا دەر کرد.

سومەیە ئەختەرشومار، مامۆستای زمانی ئینگلیزی بە ١٧ ساڵ پێشینەی کار لە پەروەردە و بارهێنانە.

ئەم مامۆستایە لەدایکبووی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٦ کچی ئەیاز، خێزاندار و خاوەنی بڕوانامەی لیسانسە.