دۆسییەی ڕەزا ڕەسایی ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای کەیفەریی کرماشان کرا

12:57 - 11 بەفرانبار 2723

دۆسییەی ڕەزا ڕەسایی، زیندانیی سیاسیی مەحکووم بە لەسێدارەدان و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە لە زیندانی دێزڵاوای کرماشاندایە، ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری سزاکانی دادگای کەیفەریی کرماشان کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار، دۆسییەی ڕەزا ڕەسایی ڕادەستی بەشی جێبەجێکاری دادگای کەیفەریی کرماشان کراوە و ناوبراو بە جیددی مەترسیی جێبەجێکرانی حوکمی سێدارەی لەسەرە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بەهمەن ڕەیحانی، فەرماندەی سپای نەبی ئەکرەمی پارێزگای کرماشان، خوازیاری جێبەجێکردنی خێرای حوکمی لەسێدارەدرانی ڕەزا ڕەساییە.

نۆسخەیەک لە دادنامەی پشتڕاستکرانەوەی حوکمی لەسێدارەدرانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی ١٧ی دیوانی باڵای وڵات، بە دەستی کوردپا گەیشتووە، کە ئەم لقەی دیوان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "محەممەد بارانی"، ڕۆژی ٢٥ی سەرماوەز، بە ڕەتکردنەوەی بەرگرییەکانی ڕەزا ڕەسایی و بۆچوونی پزیشکیی، پزیشکی دادوەریی شاری سەحنە، حوکمی لەسێدارەدانی ناوبراوی پشتڕاست کردووەتەوە.

ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، خەیروڵڵا حەقجوویان، چالاکی مەدەنیی یارسان، بە بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆیەک وەکوو کەفیلی ڕەزا ڕەسایی، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر شکاندنی بێدەنگی لەمەڕ دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدران دژی ئەم زیندانییە سیاسییە، ڕەخنەی لە دەنگی بەناحەقی دادوەر، دادڕەسیی نادادپەروەرانە دژی ڕەزا ڕەسایی و دەرکرانی حوکمگەلێک کە لای ناوەندە ئەمنییەتییەکان بووەتە باو، گرتووە.

ئەم ئەندامەی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان، بە ئاماژە بە دەرکرانی حوکم بە بێ سەلماندنی تاوان دژی ڕەزا ڕەسایی، سەبارەت بە دۆسییەی ناوبراو دەڵێ: دەسبەسەکرانی سەرەڕۆیانە، دەسپێڕانەگەیشتنی ڕەزا ڕەسایی بە پارێزەر، دەسپێڕانەگەیشتننی ناوبراو بە دۆسییەکەی، ئەندازیاریکردنی بیری گشتی، ناڕوونیی شاهێدەکان و بەڵگەکان، کەڵکوەرگرتن لە شاهیدی درۆیین وەکوو تاوانبار و هاندانیان دژی یەکتر و هەڕەشە و دانپێدانانی زۆرەملێ، نیشاندەری ناداداپەروەرانەبوونی ڕەوتی دادڕەسی و ڕووننەبوونەوەی ڕاستییەکانە.

ڕەزا (غوڵامڕەزا) ڕەسایی، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی یارسان، خەڵکی شاری سەحنە سەر بە پارێزگای کرماشان کە لە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە ٢١ـەمین ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە ڕێبەرانی کوردی یارسان و لە پێوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی دوابەدوای قەتڵی حکوومەتیی ژینا_مەهسا ئەمینی دەسبەسەر کرابوو، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی ٢ی دادگای کەیفەری یەکی کرماشان بە تۆمەتەکانی "کوشتنی بەئەنقەست"ی نادر بەیرامی، بەرپرسی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شاری سەحنە، "توندوتیژیی بەئەنقەست"، "کەڵکوەرگرتن لە چەقۆ بۆ نیشاندانی هێز" و "تیکدانی ئاسایشی گشتی بە نانەوەی هەرا"، بە لەسێدارەدران، دانی دیە، یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراوە.

ئاخرین کۆبوونەوەی دادگاییکرانی ناوبراو، ڕۆژی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢ بووە و حوکمی لەسێدارەدرانەکەشی ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٢، بە شێوەی نووسراو بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە.

ڕەزا ڕەسایی لە ڕەوتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی دادگادا هەموو تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕەت کردووەتەوە و چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگاییدا بە هۆی "ئەشکەنجە و هەڕەشەی دەستدرێژی" ناچار بە دانپێدانی زۆرەملێ کراوە.

ڕەزا ڕەسایی ڕۆژی ٣ی سەرماوەزی ١٤٠١، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئاگایی شەهریاری تارانەوە دەسبەسەر و ڕەوانەی سەحنە کراوە. ناوبراو بۆ ماوەی یەک حەفتە لە گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی سەحنەدا بۆ قەبووڵکردنی تۆمەتی "کوشتن"ی نادر بەیرامی، لەژێر ئەشکەنجەی تونددا بووە.

ناوبراو پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕەوانەی زیندانی دێزڵاوای کرماشان کراوە و سەرلەنوێ پاش ٢١ ڕۆژ، لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە دەسبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد لە زیندانی دێزڵاوای کرماشانەوە، ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئاگایی ئەم شارە کرابوو.

بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵوەگەڕی سەید خەلیل عالی‌نژاد، هونەرمەندی ناسراو و لە ڕێبەرانی کوردی کۆمەڵگەی یارسانی شاری سەحنە کە  ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١ تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی بوو، دوابەدوای هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکان و بە گازی فرمێسکرێژ و فیشەکی جەنگی، توندوتیژیی بەدوادا هات. کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لەم پێوەنددییەدا ڕایگەیاند؛ "لەم توندوتیژییەدا دەیان کەس دەسبەسەر کران و چەندین کەسیش کوژران و بریندار بوون کە بەرپرسی ئیتلاعاتی سپای شاری سەحنە، یەکێک لە کوژراوەکانە."

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، لەم دۆسییەیەدا، ٦ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی "فەرهاد بەیگ گەڕووسی، سەید ڕەسووڵ ڕەزەوی، سەید مەعسووم ڕەزەوی، ئارمین حەقی منجوق، پووریا منەتی منجوق تەپە و شەجامع منەتی منجوق تەپە" بە تۆمەتی "تێکدانی نەزمی گشتی" لە ڕێگەی هەرانانەوە بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری و لێدانی ٧٤ قامچی مەحکووم کراون.

بە وتەی سەرچاوەی کوردپا، لە کاتێکدا کە ڕێوڕەسمی ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بەشێوەی هێمنانە و بە وتنەوەی دروشمی خەڵکی و مەحکوومکردنی کوشتار و سەرکوتی خەڵک درێژەی هەبوو و هێشتا کۆمەڵێک پرسیار سەبارەت بەوەی کە بۆچی هێزە سەرکوتکەرە_ئەمنییەتییەکان ئەم ڕێوڕيسمەیان تووشی توندوتیژی کرد، لەگۆڕێدایە، دەرکرانی حوکمی لەسێدارەدان بۆ ڕەزا ڕەسایی لە دادگایەکی نادادپەروەرانەدا و بە بێ دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر لە کاتی لێپرسینەوە و دەسبەسەرکرانی هەڕەمەکی، نیشاندەری دۆسییەسازیی ئەمنییەتی دژی خەڵک و درێژەی سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادییە.