٢٠ی خەرمانانی ١٤٠٥؛ «موجتەبا باباخانی»، هاووڵاتیی خەڵکی ئیلام و لە ناڕازییانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، دوای چەندین مانگ لە خۆشاردنەوە بۆ ڕێگری لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، لە ئاکامی هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکانی «یەگانی تایبەت» بۆ سەر حەشارگەکەی گیانی لەدەست دا. ئەمە دووهەمین ناڕازییە لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوودا کە لە کاتی هەوڵی هێزە ئەمنییەتییەکاندا بۆ دەسبەسەرکردن، گیانی لەدەست دەدات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپای ڕاگەیاند کە بەرەبەیانیی چوارشەممە ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزە ئەمنییەکان و یەگانی تایبەت پاش دۆزینەوەی شوێنی خۆحەشاردانی موجتەبا و براکەی، هێرشیان کردووەتە سەر ئەو شوێن و لە کاتێکدا کە ویتوویانە موجتەبا دەسبەسەر بکەن، ئەو بە تەقاندنەوەی نارنجکی دەستی گیانی لەدەست داوە. لەم ڕووداوەدا هێزە ئەمنییەتییەکان نەیانتوانیوە "شوجاع"ی برای دەسبەسەر بکەن.

موجتەبا باباخانی، کوڕی تاهیر، دانیشتووی شاری ئیلام و لە تایفەی «نەقی (نەزەربەگ)»ی مەڵکشاهی بوو. هێزە ئەمنییەکان پێشتریش چەندین جار بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی بنەماڵەکەیان، بەم هۆیەوە ناچار بە خۆشاردنەوە ببوون.

تایفەی "نەقی(نەزەربەگ)" لە تایفەکانی ئیلامن کە ناوەندی سەرەکیی نیشتەجێبوونیان لە مەڵکشایی ئیلامە و هەندێکیشیان لە مێهرانن کە لە نزیک مەڵکشاییە، هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم تایفەیە لە ئیلام نیشتەجێن. موجتەبا باباخانی دانیشتووی ئیلام بوو.

میدیا حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بێ ئاماژەدان بە ناوی موجتەبا باباخانی و براکەی و هەروەها وردەکاریی ڕووداوەکە، ڕۆژی ١٨ی خەرمانانی ١٤٠٥ لە زاری فەرمانداری مێهران "حەیدەر نێعمەتی"یەوە هەواڵێکیان بڵاو کردەوە کە نووسراوە لە کاتی هەوڵی «مەئموورانی دادوەری» بۆ دەسبەسەرکردنی دوو کەس، یەکێکیان "بە تەقینەوەی نارنجۆکێک کە پێی بووە کوژراوە" و هێزەکان لە هەوڵی دەسبەسەرکردنی ئەوی دیکەدان. ئەم میدیایانە هەروەها باسیان لە برینداربوونی دوو هێزی ئەمنیش کردووە.

سەرچاوەگەلێک لە ئیلام بە کوردپایان وتووە کە لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ناڕازییان لە ئەیلام بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و زۆربەی لاوان ناچار بوون خۆیان ڕادەست بکەن و هێزە ئەمنییەتییەکانیش شکیان بە هەر کەس بووبێت، هەوڵی دەسبەسەرکردنیان داوە.

ئەمە دووەمین ناڕازیی کوژراو لە ماوەی سێ حەفتەی ڕابردوویە. سەرلەبەیانیی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥، "پووریا نادری" لاوی ٢٩ سالان و لە پەیڕەوانی ایینی یارسان کە لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرامبری ١٤٠٤دا بۆ ماوەی ٦ مانگ دەسبەسەر کرابوو و پێشتریش لە ناڕەزایەتییەکانی "ژن، ژیان، ئازادی" بۆ ماوەی سێ مانگ دەسبەسەر کرابوو، پاش دۆزرانەوەی بە مەبەستی دەسبەسەرکران، لەنێو ماشینەکەی خۆیدا بە دوو فیشەکی هێزە ئینتیزامییەکانی پاسگای "دەوڵەت ئاوا"ی کرماسان کرایە ئاامانج و دەسبەجێ گیانی لەدەست دا.

شایانی باسە کە تەقەکردنی بێسەروبەری هێزە نیزامییەکان بۆ سەر هاووڵاتییانی کورد لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و ناڕازییان و خەڵکی ئاسایی بە شێوازی جۆراوجۆر لە ئاکامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی و توندتربوونی کەشوهەوای ئەمنی و نیزامیدا، گیانیان لەدەست داوە. هێزە حکوومەتییەکان و دەزگای دادوەری تا ئێستا لە بەرانبەر هیچ یەک لەم تەقەکردنانەدا وڵامدەر نەبوون و هیچ لێکۆڵینەوەیەکی دادوەرییان ئەنجام نەداوە، لەوانە؛

٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥: دوو برای کوردی یارسان، «موجتەبا وەیسی» و «مەیسەم وەیسی»، لە گوندی «خولەکەوش»ی داڵاهۆ پاش ناسینەوەی شوێنی خۆشاردنەوەیان لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە، کرانە ئامانجی پەلامار و تەقەی ڕاستەوخۆ و کوژران.

٥ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «مەهدی تەوەکولی»، وێنەگری خەڵکی سنە، لەگەڵ دایکی «مریەم ئەسڵانی» و خوشکی «سومەیە تەوەکولی»، لە ناو ماشینەکەیاندا لە یەکێک لە ڕێگاکانی مەریوان کرانە ئامانجی دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەتییەکان و کوژران.

٦ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «سەید ئەحمەد ئیسماعیلی»، لاوی ٢٦ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، لە نزیک بەنداوی بۆکان بەهۆی تەقەی هێزەکانی سپاوە کوژرا. 

٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «پووریا نادری»، لاوی ٢٩ ساڵانی یارسان، لە ناو ماشینەکەیدا و لە ڕێگای دەوڵەت‌ئاباد بۆ دەرەدرێژی کرماشان بە دوو فیشەک لە سەر و دڵی لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە کوژرا.