بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥، دەیان هێزی خۆجێیی چەکداری سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناسراو بە «جاش»، لە شەپۆلێکی دروستکردنی ترس و تۆقاندنی شەوانەدا هەڵیانکوتایە سەر ماڵی بنەماڵەی چەندین چالاکی سیاسیی دەرەوەی وڵات، لەوانە «ئارام گەردی» و «محەممەد باڵدار». هێزەکانی سپا وێڕای لێدانی توندی ئەندامانی بنەماڵەکان، دەستیان دایە وێرانکاریی بەربڵاوی کەرەستەی ماڵەکان و بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە، ژمارەیەک لە ئەندامانی بنەماڵەکان بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە و لەوێ خەوێندران.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە کوردپایان ڕاگەیاند؛ بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥، دەیان هێزی خۆجێیی چەکداری سپا ناسراو بە «جاش» هەڵیانکوتایە سەر ماڵی باوک و دایکی بەساڵاچووی «ئارام گەردی»، چالاکی سیاسیی دەرەوەی وڵات. هێزە چەکدارەکان و «جاش»ەکان باوک و دایکی ناوبراویان بەتوندی داوەتە بەر لێدان و بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە ناچار بوون سەردانی نەخۆشخانە بکەن. هەروەها کەرەستەکانی ناو ماڵی ئەم بنەماڵەیە بەتوندی وێران کران، دەرگا، پەنجەرە و شووشەی ئۆتۆمبێلەکان شکێندران و بەشێک لە ماڵەکەش ئاگری تێبەردرا.
لە هەمان شەودا و لە درێژەی ئەم شەپۆلی هەڵکوتانە چەکدارانەیەدا بۆ سەر ماڵی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی، هێزە خۆجێییەکانی سپا ناسراو بە «جاش» هەڵیانکوتایە سەر ماڵی برای «محەممەد باڵدار». تەواوی ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە بەتوندی درانە بەر لێدان و بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە بۆ نەخۆشخانە گواسترانەوە. هێزە هێرشبەرەکان هەروەها تەواوی کەرەستەی ناو ماڵەکەیان بەتەواوی تێک دا و وێرانیان کرد.
لە جەرگەی ئەم هێرشانەدا، ژنان و منداڵانیش لە توندوتیژیی هێزە خۆجێییەکانی سپا بەدوور نەبوون و بەتوندی لێیان درا.
لەو وێنانەی کە بەدەستی کوردپا گەیشتوون، شوێنی برینداربوونی سەر و دەموچاوی باوکی «ئارام گەردی» و برای «محەممەد باڵدار» بەڕوونی دەبینرێت. هەروەها وێنەکان نیشاندەری وێرانکاریی بەرفراوانی کەرەستەی ماڵەکان، شکاندنی دەرگا و پەنجەرە و شووشەی ئۆتۆمبێلەکان، شڵەژانی تەواوی ناو ماڵ و سووتاندنی بەشێک لە یەکێک لە ماڵەکاندایە.
هەڵکوتانی چەکدارانە بۆ سەر ماڵان و لێدانی ئەندامانی بنەماڵە، لەوانە ژنان و منداڵان، نموونەی ئاشکرای ترساندن، بەکارهێنانی توندوتیژی و بەزاندنی ئاسایش و کەرامەتی مرۆیی کەسەکانە. دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا تا ئێستا هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ ئەم هێرشانە نەکردووە و بێدەنگییان هەڵبژاردووە؛ بەڵکوو بە پشتیوانیکردن و بەخشینی پارێزبەندی بە هێزە خۆجێییە چەکدارەکان ناسراو بە «جاش» کە لە سەرکوت و تۆقاندنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی بەکار دەهێنرێن، بە کردار ڕێگەیان بۆ بەردەوامیی توندوتیژی و سزا نەدانی تاوانباران خۆش کردووە و لە هەر جۆرە بەدواداچوونێک پارێزراون.





