ڕۆژی سێشەممە ١٧ی خەرمانانی ١٤٠٥، خەبات فەدایی، هونەرمەندی کوردی گوندی «بۆڕیەر»ی سەر بە شاری سەوڵاوا، بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی، ئەم هونەرمەندەیان لە بەردەم ماڵەکەیدا لە شاری مەریوان دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک دەربارەی هۆکاری دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، ناوبراو لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

پێشینەی دەسبەسەرکردن و دەرکردنی سزای زیندان دژ بەم هونەرمەندە کوردە؛ 

خەبات فەدایی، هونەرمەندی کورد لە ڕێکەوتی ٤ی ڕەزبەری ١٤٠١دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

ئەم هونەرمەندە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠١دا لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری وەرامینەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ئەشکان ڕامش» بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژ بە نیزام» بە ساڵێک زیندانی داسەپاو و بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات» بە پێنج ساڵ زیندانی داسەپاو سزا درا. 

دادگا بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ١٣٤ و ٢١٥ی یاسای سزادانی ئیسلامیی پەسەندکراوی ١٣٩٢ و ماددەی ٤٩٨، ٤٩٩ و ٥٠٠ی یاسای تەعزیراتی پەسەندکراوی ١٣٧٥ ئەم سزایەی بۆ ئەم هونەرمەندە کوردە دەرکردبوو.