۱۸ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ «سیامەک موفیدی» و «سرووش عێنایەتی»، دوو مێرمنداڵی کوردی خەڵکی تیکاب کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون و بۆ تاران گواستراونەتەوە، بە تۆمەتگەلێکی وەک «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی»، «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و «تێکدانی نەزمی گشتی» تۆمەتبار کراون. دۆسییەسازی ئەمنییەتی دژ بەم دوو مێرمنداڵە پێش دەسبەسەرکردنیان ئەنجام دراوە و بۆ ئازادکردنی کاتیی هەرکامیان، داوای بارمتەی قورسی ۷ میلیارد تمەنی کراوە. ئەم دوو مێرمنداڵە ئێستا لە ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵان لە تاران ڕاگیراون.

بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، «سیامەک موفیدی»ی ۱۷ ساڵان و «سرووش عێنایەتی»ی ۱۶ ساڵان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە تیکاب دەسبەسەر کراون و بۆ تاران گواستراونەتەوە، بە تۆمەتگەلێکی وەک «هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی»، «پڕوپاگەندە دژی نیزام» و «تێکدانی نەزمی گشتی» تۆمەتەکانیان بۆ ڕوون کراوەتەوە و بۆ ئازادکردنی کاتیی هەرکامیان، داوای بارمتەی قورسی ۷ میلیارد تمەنی کراوە.

ئەم سەرچاوەیە دەڵێت، لە ڕاستیدا پێش دەسبەسەرکردنی ئەم دوو مێرمنداڵە، دۆسییەسازیی ئەمنییەتی لە دژیان بە تۆمەتە ئاماژەپێکراوەکان ئەنجام درابوو و ئەوان دوو ڕۆژ دوای تێغەیاشتن لە تۆمەتەکان، بۆ ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی منداڵان لە گەڕەکی «زیباشار»ی تاران گواستراونەتەوە. ئەم تێگەیاندن لە تۆمەتانە بێ مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە کراوە.

ئێوارەی شەممە ۱۴ی خەرمانانی ۱۴۰۵، «سیامەک موفیدی»ی ۱۷ ساڵان و «سرووش عێنایەتی»ی ۱۶ ساڵان، بە هەڵکوتانەسەری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەیان و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. پاشان ئەم دوو مێرمنداڵە لەژێر ڕێکارە توندە ئەمنییەکاندا بۆ لێکۆڵینەوە بۆ شوێنێکی نادیار لە تاران گواسترانەوە. ئەم دوو مێرمنداڵە لە مانگەکانی ڕابردوودا لە کافەیەکدا لە تاران سەرقاڵی کارکردن بوون. 

ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی پارێزگای تاران کە لەژێر چاوەدێریی ڕێکخراوی زیندانەکاندا بۆ ڕاگرتنی منداڵان و مێرمنداڵانی ژێر ۱۸ ساڵ کار دەکات، لە محەلەی شاری زیبا لە ناوچەی ۵ی تاران هەڵکەوتووە.