۱۸ی خەرمانانی ۱۴۰۵؛ بە تێپەڕبوونی ۲۷ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی «مریەم مورادیان» و «سیرووس حەمیدی»، دوو هاوژینی لاوی کوردی خەڵکی دیواندەرە، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنیان لەبەر دەستدا نییە، لە کاتێکدا لە مافی هەر جۆرە دەستڕاگەیشتنێک بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیانەوە بێبەش کراون.
سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە کوردپای وت کە سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەم دوو هاوژینە لاوە، ئەوان هێشتا لە شوێنێکی نادیاردا ڕاگیراون و سەبارەت بە چارەنووسیان هیچ جۆرە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
۲۳ی گەلاوێژی ۱۴۰۵، «مریەم مورادیان»، «سیرووس حەمیدی» و منداڵە ۱۶ ساڵانەکەیان، «کوردیا حەمیدی»، خەڵکی گوندی «زەفەرئاوا»ی دیواندەرە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە یەکێک لە گوندەکانی دیواندەرە و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترانەوە. منداڵی ئەم بنەماڵەیە دوای چوار ڕۆژ ئازاد کرا، بەڵام باوک و دایکی هێشتا دەسبەسەرن.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکردنی ئەم هاوژینە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە. هەروەها، مریەم مورادیان و سیرووس حەمیدی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و مافی چاوپێکەوتن و پەیوەندی بە بنەماڵەکەیانەوە بێبەش کراون.





