ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥، «عابید عەلیزادە»، لاوی کوردی خەڵکی تکاب و چالاکی بواری میدیا، دوای ۲۵ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، بە دانانی بارمتەی ۲ میلیارد تومانی بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو ۱۳ ڕۆژی لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان و ۱۲ ڕۆژی لە بەندیخانەی میاندواو تێپەڕاندبوو. عابید عەلیزادە توانای دانانی بارمتەکەی نەبوو و لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە لەلایەن یەکێک لە نزیکەکانییەوە، بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی میاندواو ئازاد کرا.

ڕۆژی دووشەممە ۹ی خەرمانانی ١٤٠٥، «عابید عەلیزادە» دوای ۱۳ ڕۆژ دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی سپای پاسداران لە ورمێ و بەرگەگرتنی ئەشکەنجەی جەستەیی و ئازار و ئەزیەت، بۆ بەندی ۳ی بەندیخانەی میاندواو گواسترایەوە و بۆ ئازادکردنی کاتیی، داوای بارمتەی ۴ میلیارد تمەنییان لێ کردبوو.

پێشتر کوردپا ڕاپۆرتی دابوو کە ئێوارەی چوارشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ١٤٠٥، «عابید عەلیزادە»، لاوی خەڵکی تیکاب و چالاکی بواری میدیا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتگیریی لە خەڵک، گیانبەختکرتووانی بەفرانبار و فەرهەنگ و زمانی کوردی دەکرد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا پشتگیریی لە ناڕەزایەتییە ڕەواکانی خەڵک دژی گرانبوونی نرخەکان، ناڕەزایەتیدەربڕین بەرانبەر بە نەیار ئەژمارکردنی ناڕازییان، پشتگیری لە زمان و فەرهەنگی کوردی و کوردناسی و بەگشتی پەیوەندیدار بە بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەوە چالاکیی دەکرد.

ئەم چالاکە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی لە گرتنگەدا، بێبەری بووە.