زیندانی نەغەدە؛ دوو چالاکی ژینگەیی بە دانانی بارمتە ئازاد کران

ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی خەزەڵوەر، دوو چالاکی ژینگەیی بە ناوەکانی "جەهانگیر ساغەرنیا"، تەمەن ٣٣ ساڵ و "خەبات خەتیاڵ" تەمەن ٤٠ ساڵ، خەڵکی پیرانشار، بە دانانی بارمتە لە زیندانی نەغەدە ئازاد کران.

ئەو دوو چالاکە ژینگەییە، هەر کامەیان بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەن، بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان لە زیندانی نەغەدە ئازاد کراون.

جەهانگیر ساغەرنیا و خەبات خەتیاڵ، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی خەزەڵوەر، دەسبەسەر کران و پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار، ڕەوانەی زیندانی نەغەدە کرابوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی پیرانشارن و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتی وەپاڵدراو دژی ناوبراوان، زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.