ئاژانسی کوردپا: "نازدار هەقپەرست"، هاوسەری شەھید "شەریف باجوەر"، لە ساڵوەگەڕی شەھیدانی ژینگەی کوردستاندا، پەیامێکی پێشکەش کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی نیشتیمانپەروەر و ژینگەپارێزی کوردستان!

هاوشارییە دڵسۆز و بەئەمەگەکانمان!

لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لەسەر گڵکۆی شەهیدان، "شەریف باجوەر" و کاک "ئومێد"دا ، کۆبووینەتەوە تا ڕێز لە یاد و بیرەوەری و هزر و ئایدیا کەسکەکانیان بگرین و تاسەی دیداریان بشکێنین .

"شەریف" بۆ من، هاوسەرێکی خەمخۆر و دڵسۆز و خەمڕەوێن بوو. بەڵام ئێستا ئیتر ئەو تێکەڵ بە دار و دەوەن و بنچک و گژوگیای زاگرۆس بووە و ئەو لە " تاکەکەسەوە " بووەتە ئیدە و هێمای پارێزگاری لە ژینگەی کوردستان. هەر بۆیەشە، ئێوەی بەڕێز وەک من لێرە ئامادەن و بە ئامادەبوونتان، دڵی ئێمەتان خۆش و ڕۆحی شەهیدی نیشتمانیشتان، شاد کردووە .

"شەریف" کورد بوو و هەر لەم مەریوانەی خۆمانەوە شەیدای زرێبار و مراوییەکانی بوو و هەر لێرەشەوە، پەیمانی هاوڕێیەتی لەگەڵ میراجی و سوورێن و قەلەبەرد و زەڕەوەدا بەست. هەر لێرەشەوە بوو کە بووە ئەڤینداری بست بە بست و پێدەشت بە پێدەشت و تاڤگە بە تاڤگە و ڕەوەز بە ڕەوەزی زاگرۆس و لە گیانیدا ئەڤینێکی کەسک کەسک چرۆی دەرکرد.

ئەو لە خۆشەویستیی کوردەوە، فێر بوو هەموو مرۆڤی خۆش بوێت و لە خۆشەویستیی کوردستانەوە فێر بوو، هەموو زەوی بە لانکە و دایکی خۆی بزانێت. هەر لەو پێناوەشدا بوو بیرۆکەی "پێنج شەممەی مێهرەبانی" لە زەینیدا شکڵی گرت و وەک ئامانج و هیوایەک بۆ داهاتوویەکی مرۆڤدۆستانە گرنگییەکی زۆری پێدا و یەکەم هەنگاوەکانی بۆ پەرەپێدان و گشتگیرکردنی ئەو بیرۆکەیە هەڵگرت. ئەو لە قووڵایی ناخیدا، مرۆڤێکی بە مانای تەواوی وشە بوو، هەر بۆیە لە کار و کردەوە و پەیڤیدا، مرۆڤایەتیی دەکەوتە شەپۆلان .

"شەریف"، هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە مرۆڤێکی دڵناسک و نەرم و نیان بوو، فێری کردین کە لە بەرامبەر نەهامەتی و وەیشوومە و زریاندا، ئاویەر و بێستوونێ بین لە بەرخۆدان و بەچۆکدانەهاتن.

ئەو قوتابخانەی کاری دڵسۆزانەی بێ چاوەڕوانیی پاداش بوو. فێری کردین ژینگەی نیشتمان، دایکە و دەبێ ڕێزی بگرین. ئەو پێی وابوو، کاولکردنی ژینگە، کاولکردنی مرۆڤە و بۆ پارێزگاری لە مرۆڤ، دەبێ گشت چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بەکاری هەرەوەز و ئەڤینێکی داگیرساوەوە، ژینگەکەیان بپارێزن.

لە کۆتاییدا، پەیمانی وەفاداری بە ڕێبازیان، لەسەر گڵکۆی ئەم دوو شەهیدە سەربەرزانەمان، دووپات دەکەینەوە و ڕێگەی کەسکیان تا بەدیهاتنی ئایدیا و هزرە درەوشاوەکانیان، دەپێوین. چۆن لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا و سەرباری ئەو تەنگەژە و گرفتانەی بۆم دروستکران، ڕێگاکەی شەریفم بەرنەدا، بەڵێن دەدەم لەمەودوا بە گوڕ و تینێکی زیاترەوە ئەو ڕێگایە بەردەوام بکەم و بەڵێنیش دەدەم تاکوو بە هاوکاریی ئێوەی ئازیز بیرۆکەی "پێنجشەممەی مێهرەبانی"یش پەرە پێبدەم و بیگەینمە لووتکە.

ڕۆحیان شاد و ڕێگەی گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانیان، پڕ ڕێبوار بێت.

سپاس بۆ ئامادەبوونتان
سپاس بۆ خەمخۆریتان
سپاس بۆ هێژاییتان